کۆمپانیای سۆمۆ: بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەسڕە 33.4 دۆلار داشکاندن دەکەین
کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق بۆ ڕاکێشانی کڕیاران و بەردەوامیدان بە هەناردەکردن، گەورەترین داشکاندنی مێژوویی لە نرخی نەوتی بەسڕە ڕاگەیاند بۆ ئەو کۆمپانیایانەی مەترسیی تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمز دەگرنە ئەستۆ.
داشکاندنێکی بێپێشینە لە نرخی نەوت
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، داشکاندنێکی بێپێشینەی بۆ مانگی ئایاری 2026 خستووەتەڕوو. بەگوێرەی بڕیارەکە، داشکاندنی 33.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی مامناوەندی بەسڕە دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕاکێشانی کڕیاران لە ناوچەکەدا.
مەرجی سوودمەندبوون لە داشکاندنەکە
ئەم ستراتیژییەی عێراق بۆ ئەوەیە کە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوورەوە بەردەوام بێت. داشکاندنەکە تەنیا ئەو کڕیارانە دەگرێتەوە کە مەترسیی تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمزدا قبوڵ دەکەن، چونکە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە تێچووی دڵنیایی (تەئمینات)ی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن
بەهۆی بارودۆخی جەنگ و گرژییەکانی دوو مانگی ڕابردوو، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هاوکات بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت لە وڵاتەکەدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش بە ڕێژەی نزیکەی 60% ڕووی لە دابەزین کردووە.
06/05/2026