جەنگی دۆلفینەکان؛ "ئێران و ئەمریکا دۆلفین بۆ ململانێی گەرووی هوورمز بەکاردەهێنن"
لەنێو پەرەسەندنی گرژییەکانی گەرووی هوورمز و ترسی واشنتن لە مینڕێژکردنی ناوچەکە لەلایەن تارانەوە، باسێکی سەیر و سەرنجڕاکێش هاتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئایا هەر بەراست دۆلفینەکان دەبنە بەشێک لە جەنگەکە؟

بەکارهێنانی دۆلفین بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان
دۆلفینەکان تەنها لە فیلمەکاندا نین، لە ساڵی 2003دا ئەمریکا دۆلفینەکانی بەکارهێنا بۆ پاککردنەوەی بەندەری ئوم قەسر لە عێراق دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکان، بەڵام لە کێشەیەکی وەک گەرووی هوورمزدا کە ئێستا "ناوچەی جەنگیی چالاکە"، بەکارهێنانیان مەترسیدارە و زۆرتر بۆ قۆناغی دوای جەنگ و دڵنیابوونەوە لە پاکیی ڕێڕەوەکان بەکاردەهێندرێن.

سیخوڕە بێدەنگەکەی ژێر ئاو
لە کاتێکدا گرژییەکان لەنێوان ئەمریکا و تاران بەردەوامە و وەزیری جەنگی ئەمریکا مینڕێژکردنی هوورمز بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەزانێت، پێدەچێت دۆلفینەکان وەک سیخوڕە بێدەنگەکانی ژێر ئاو، هەمیشە بەشێک دەبن لە چیرۆکە پڕ لە نهێنییەکانی ئەم ناوچە ستراتیژییە.

"ئێران دۆلفینی نییە بۆ پڕۆسە سەربازییەکان"
ڕۆژی سێشەممە، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیارێکی نامۆ ئاراستەی پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کرا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی دۆلفین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا؟ هیگسێت بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئێران دۆلفینی نییە بۆ پڕۆسە سەربازییەکانی بەکاری بهێنێت"، بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەمریکا "دۆلفینی خۆکوژ"ی هەیە، بە گوماناوییە گوتی: "نە پشتڕاستی دەکەمەوە و نە ڕەتی دەکەمەوە."

سوپای دۆلفینەکان ڕاستیین یان خەیاڵ؟
هەرچەندە سەرچاوە سەربازییەکان بە (کەناڵی سی ئێن ئێن) یان ڕاگەیاندووە کە ئێستا سوپای ئەمریکا دۆلفین لە هوورمز بەکارناهێنێت، بەڵام ڕاستییەکی مێژوویی هەیە کاتێک ئەمریکا لە ساڵی 1959 پڕۆگرامێکی تایبەتی دەستپێکرد بۆ مەشقپێکردنی دۆلفین و سەگی دەریا.

سیستەمی سۆناری دۆلفینەکان
گرینگترین زانیارییەکان لەسەر پڕۆگرامی دۆلفینەکان بۆ مەشقپێکردنیان بریتییە لە سیستەمی سۆنار کاتێک دۆلفینەکان خاوەنی سۆنارێکی سروشتیی هێندە پێشکەوتوون کە هیچ درۆنێکی ژێر ئاو ناتوانێت ڕکابەرییان بکات.

بەکارهێنانی دۆلفین بۆ دۆزینەوەی مین
ئەو وڵاتانەی کە دۆلفینیان هەیە، بەکاریاندەهێنن لە دۆزینەوەی مین، بەڵام ئەم گیاندارانە بۆ تەقاندنەوەی مین بەکارنایەن واتە خۆکوژ نین، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی تەنە نامۆکان و مینە چێنراوەکان مەشقیان پێ کراوە.

ڕاهێنەرەکەیان ئاگادار دەکەنەوە
ئەمە جگە لەوەی خاوەن زمانێکی تایبەتن کاتێک دۆلفینەکە مینێک دەدۆزێتەوە، لە ڕێگەی خۆکێشان لە پێشەوەی بەلەمەکە، ڕاهێنەرەکەی ئاگادار دەکاتەوە.

ئایا ئێران دۆلفینی جەنگیی هەیە؟
هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لە ساڵی 2000دا ژمارەیەک دۆلفینی کڕیوە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەو دۆلفینانە ئێستا ئەوەندە پیر بوون کە بۆ کاری سەربازی سوودیان لێوەرناگیرێت. هەرچەندە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ مانگی ڕابردوو بڵاوی کردەوە کە تاران بیر لە بەکارهێنانی "دۆلفینی مینهەڵگر" دەکاتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کردەیی لەسەر بوونی پڕۆگرامێکی چالاکی لەو شێوەیە لە ئێراندا نییە.

بۆچی دۆلفینەکان بەرەو دەریا ڕاناکەن؟
سکۆت سافیتز، ئەندازیاری باڵا لە دامەزراوەی "راند" دەڵێت:"ئەوان بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە چونکە لێرە خواردنیی وەک ماسییان بۆ ئامادەدەکرێت، پارێزراون لە گیانەوەرە دڕندەکانی ناو دەریا وەک یارییەکی پڕ لە سەرکێشی سەیری دۆزینەوەی تەنەکان دەکەن."

ڕاهێنانی دۆلفین لە بەحرەین
ساڵی 2014 تیمێكی تایبەتی هێزە دەریاییەكانی سوپای ئەمریكا لە بەحرەین بەشداری لە هەڵمەت و راهێنان بۆ بنبڕكردنی مینیان لە وڵاتی بەحرەین کرد لە كەنارەكانی ئەو وڵاتەدا دەستیان کرد بە راهێنان و لەگەڵ خۆشیاندا سێ سەگی دەریایی راهێنراویان هێنابوو.

بەکارهێنانی سەگی دەریایی
ئەو سەگە دەریاییانە توانیان بۆ ماوەی 72 كاتژمێر بچنە نێو دەریا و مین و جۆرەكانی دیكەی تەقەمەنی، كە لەژێر دەریا بۆ كاروانی سەربازی یان هەر مەبەستێكی دیكە دادەنرێن، ئاشكرا بكەن.
06/05/2026