قەیرانی ئابووری لە ئێران؛ هەڵاوسان 40٪ی تێپەڕاند و دەرمان بە ڕێژەی 380٪ گران بوو
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕایگەیاند کە بە وردی ئاگاداری بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەکەکانە لە بازاڕەکانی وڵاتدا. ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەزیری دادی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی و کردەیی بنێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتربوونی گرانی و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەپۆلی گرانی لە ئێران
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە گۆڕانی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکانەوە هەیە، بەشێکی دیکەشی بۆ ئەو "جەنگە زاڵمانەیە" دەگەڕێتەوە کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراوە و خەڵک لێی تێدەگەن. پزیشکیان جەختی کردەوە کە گرانفرۆشی و قۆرخکاری لە بازاڕدا بە هیچ شێوەیەک قابیلی تەحەمول و قبوڵکردن نییە.
هەماهەنگیی نێوان حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، پزیشکیان ڕایگەیاند کە داوای لە وەزیری داد کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، ڕووبەڕووی هەر کار و کردەوەیەک ببنەوە کە ئارامیی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات، غوڵامحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، دانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی لە دۆخێکی ئابووریی زۆر سەختدایە و باسی لەوە کرد کە فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیاتر بوون.
چاودێریکردنی بازاڕ لە سەردەمی جەنگدا
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری جەختی لەوە کردەوە کە لەم دۆخەدا کە وڵات لە ناو جەنگدایە، دەبێت بە وردی چاودێری بازاڕ بکرێت و ڕێگری لە گرانبوونی نرخەکان بگیرێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە فشارە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر بژێوی هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئامارە مەترسیدارەکانی هەڵاوسان و گرانبوونی دەرمان
بەپێی ئامارە ناوخۆییەکانی ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە لوتکە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 40٪ی تێپەڕاندووە. جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، کاڵا سەرەکییەکان، سووتەمەنی پیشەسازی و کەرەستە کشتوکاڵییەکان. یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخەش، بەرزبوونەوەی نرخی نزیکەی 200 جۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشکییە کە بە ڕێژەی خەیاڵیی 380٪ گران بوون.
06/05/2026