
هاوپەیمانیی دۆزى ئێزییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەران، دژى گەڕانەوەى پارتى دیموکراتى کوردستانە بۆ شارۆچکەى شنگال و بە بەرپرسیارى ئەو کارەستانەى دەزانێت کە بەسەر شارۆچکەکەدا هاتوون.
هاوپەیمانێتییەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، گەڕانەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ شنگال بەهەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە، هەر هەوڵێک بۆ گەڕانەوەى شنگال بۆ خاڵى پێش کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکان لە 4ـى ئابى 2014، هەوڵێکە بۆ ئەوەى فیشەکى بەزەیی بنرێت بە ئاسایشى شنگال و شکۆى دانیشتووانەکەى و بیرەوەرى قوربانییەکان.
ڕاشیگەیاندووە، گەڕانەوەى پارتى، گەڕانەوەیەکى سیاسی یاخود کارگێڕى نییە، بەڵکو هۆشدارییەکى پێشوەختەیە بۆ گەڕانەوەى توندوتیژى و دەستگیرکردنى ستەمکارانە و دەمکوتکردن و کردەوەکانى دەستگیرکردن و سەپاندنى ئیرادەى حیزبى لە ڕێگەى هێزەوە هاوشێوەى ڕابردوو.
هاوپەیمانیی دۆزى ئێزدییەکان دەڵێت، گەڕانەوەى پارتى بۆ شنگال، هەوڵێکى مەترسیدارە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەى قۆناغى کۆنترۆڵى حیزبى کە پێش کۆمەڵکوژى هەبوو.
داواش دەکات ،دۆسییەکانى پێش کۆمەڵکوژى و دواى کۆمەڵکوژى بکرێنەوە و لێپرسینەوە لە هەموو لایەنێکى سیاسى و ئەمنى حیزبى بکرێت کە هۆکاربوون بۆ ڕادەستکردنى شنگال و دانیشتووانەکەیان جێهێشت، ڕێگەیان نەدا خۆیان ڕزگار بکەن، دەنگەکانى داواکاریى دادپەروەرییان سەرکوتکرد، دادپەروەرى تەنیا لە ئەمڕۆوە دەستپێناکات، بەڵکو لە ساڵى 2003 و تەقینەوەکانى 2007 و 2009 و بەرەبەیانى 3ـى ئابى 2014 دەستپێدەکات.
دووپاتیشیدەکاتەوە، کارى لە پێشینە بۆ شنگال گەڕانەوەى ئەو حیزبانە نییە کە شکستیان هێنا و ناپاکى و سەرکوتکارییان کرد. بەڵکو گەڕاندنەوەى شکۆ و دادپەروەرى و خزمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوەیە، ئەمەش بە هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەى ئەو ڕووفاتانە دەبێت کە لە ساڵى 2019ـەوە دەرهێنراون و ژمارەیان 554 ڕووفاتە.