فۆزا یوسف: لە سووریا مامەڵەی ڕەگەزپەرستانە لەگەڵ زمانی کوردی دەکرێت
فۆزا یوسف، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى پەیەدە ڕایگەیاند، لە سووریا هێشتا مامەڵەی ڕەگەزپەرستانە لەگەڵ زمانی کوردی دەکرێت، وەزارەتی دادی سووریا و سەرۆکایەتیی کۆماریش دەڵێن، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکرێت تابلۆی دادگای حەسەکەیان داگرت.
زمانى کوردى زمانى نیشتمانییە
لەبارەى سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی باڵەخانەی دادگای حەسەکە، فۆزا یوسف ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی مەرسوومی 13ـی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی ناوبردووە، بەڵام هێشتا مامەڵەیەکی ڕەگەزپەرستانە لەگەڵ زمانی کوردی دەکرێت و ئەوەش مایەی قبوڵکردن نییە.
خەباتى کورد بۆ ناسنامەکەى بووە
فۆزا یوسف ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی کورد بۆ ئەوە خەباتی کردووە، بە زمان و ناسنامەی خۆیەوە بژی، داننان بە زمانە ڕەسەنەکان لە سووریا، بەرپرسیارییەتێکی نیشتمانییە و مەرجی سەرەکی پێکەوەژیانە.
لێکۆڵینەوە لە گێرەشێوێنان
وەزارەتی دادی سووریاش، ئەو کەسانەی تابلۆی باڵەخانەى دادگای حەسەکەیان لێکردەوە بە "گێرەشێوێن و تێکدەر" و داگرتنی تابلۆکەش بە شکاندنی شکۆی دەوڵەت ناوبردووە و دەڵێت، لە چوارچێوەی یاسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان دەکرێت
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی شاندی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ـی ئایاری نێوان دیمەشق و هەسەدەش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی بەردەم دادگای حەسەکە دەکەن و نایانەوێت ئێستا دەستی تۆمەت بۆ هیچ لایەک ڕابکێشن.
هیلالی، جەخت لە مەرسوومی ژمارە 13 دەکاتەوە و دەڵێت، زمانی کوردی، زمانێکی نیشتمانییە و کورد مافی خۆیەتی زمانەکەی بۆ خوێندن بەکاربهێنێت.
08/05/2026