
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، حکومەتی ڕاگوزەری سووریا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی هاونیشمانیی کوردی لە ڕەققە و سنووری دیمەشق دەستپێکردووە، بەمەبەستی بەکارهێنانیان لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ چەکدارە دەستگیرکراوەکانیان لای هەسەدە.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی ڕابردوودا دەستگیرکردنی زیاتر لە 40 هاونیشمانیی کوردیان تۆمارکردووە، لەو دەستگیرکراوانە ناوی 15 کەسیان لە لیستی ئەو کەسانەدا بوون، ڕۆژی هەینی ڕابردوو حکومەتی سووریا لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوەکاندا ئازادی کردن.
بەگوتەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامانجی حکومەتی دیمەشق، خۆدزینەوەیە لە ئازادکردنی شەڕڤانە ڕاستەقینەکانی هەسەدە، ئەمەش پێچەوانەی خاڵەکانی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکانە لەگەڵ هەسەدە.
بە گوتەی ئەو چەکدارانەی پێشتر ئازادکراون، گرتووخانەکانی حەلەب، حەما، حومس، دێرەزوور، گرێ سپی و ڕەققە ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانانی هەسەدەیان تیادایە.
یەکێک لەو شەڕڤانانەی ڕۆژی هەینی ئازادکراوە ڕایگەیاند، لە گرتووخانەی پۆلیسی سەربازیی حەلەب، زیاتر لە 150 شەڕڤانی دەستگیرکراوی تیادایە.
ڕوانگەی سووری جەخت لەوە دەکاتەوە، بەگوێرەى ئەو داتایەی بە دەستیان گەیشتووە، زیاتر لە 500 شەڕڤانی هەسەدە لە گرتووخانەکانی سووریادان، ئەمەش ئەوە دەردەخات، حکومەتی سووریا هاوڵاتیی سڤیل بەکاردەهێنێت بۆ ئاڵوگۆڕکردن.