هەرێم کەمال ئاغا: دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانى بەشداریکردنى لە بوڵتنى کاتژمێر 10ـى کەناڵ8 رایگەیاند، "جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق وایکردووە متمانەیان بەیەکتر لە دەستبدەن".
پرسی داهاتی ناوخۆ بووەتە بیانوو بە دەست عێراقەوە
هەرێم کەمال ئاغا، وتیشی "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتى ناوخۆ، بیانوو دەداتە دەست عێراق، زۆرکەسیش هەیە کە باوەڕ ناکات مانگانە 120ملیار دینار داهاتی نانەوتی نەبێت.
ناردنی مووچە بەندە بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستانەوە
ئاماژەى بەوەشکرد، کە حکومەتی هەرێم پابەندی هەر بڕگەیەکى رێککەوتنەکەى نەبێت، ئەوا عێراقیش مووچەی فەرمانبەران نانێرن".
پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت "پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئامادەکارى بکرێت، لە داهاتوو ئەو بودجەییەی کە لەبەغداد دەنگی پێدەدرێت، بتوانرێت لەگەڵ حکومەتێکى کارا مامەڵە بکەن لە هەرێمى کوردستان".
بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد وەکو نوێنەری کورد لەسەر داهاتی هەرێم کارى کردووە
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند " بافڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر داهاتی مانگانە رێککەوتنى کرد، و تێچوی 16دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکرا کە پێشتر عێراق 6 دۆلارى دانابوو.
بە هەوڵی سەرۆکی یەکێتی داوای عێراق لە 200 ملیارەوە کەمکرایەوە بۆ 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ
وتیشی "حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی داوای زیاتر لە 200 ملیار دیناری داهاتی مانگانەیان لە هەرێمى کوردستان دەکرد، بەڵام لەسەر داواى بافڵ تاڵەبانى بڕەکە بۆ 120 ملیار دینار کەمکرایەوە، هەروەها تێچووى دەرهێنانى نەوتیش هەر لەسەر داواى ئەو لە شەش دۆلار بۆ 16 دۆلار بەرزکردەوە.
09/05/2026