ئەمریکا بۆ ئێران: واز لە ئەتۆم بهێنە و هوورمز بکەرەوە سزاکان لادەدەین
ئەمڕۆ شەممە، دۆخى گەرووى هوورمز تا ڕادەیەک ئارام بوو، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لە ئاڵۆزى دێت، ئەمریکاش چاوەڕێی وەڵامی ئێرانە بۆ دوایین پێشنیازەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەى زیاتر لە دوو مانگە سەریهەڵداوە.
لە ئێرانەوە هیچ نیشانەیەک بۆ وەڵامی پێشنیازی کۆتایهاتن بە جەنگ نییە
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، واشنتن پێشبینی دەکات لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئێران وەڵام بداتەوە. بەڵام وا خەریکە ڕۆژێک تێدەپەڕێت و هیچ نیشانەیەکی جوڵە لە تارانەوە لەسەر ئەو پێشنیازە نەبوو کە بە فەرمی کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت، پێش ئەوەى دانوستانەکان لەسەر بابەتگەلێکی جێى مشتومڕ بکرێت لەوانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بازاڕەکانی وزە لە گێژاودان
لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانێکی چاوەڕوانکراو بۆ چین دەستپێبکات، فشارەکان زیاتر بوون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە، ئەمەش بازاڕەکانی وزەی خستووەتە ناو گێژاوە و مەترسییەکی لەسەر ئابووریی جیهانی دروستکردووە.
سووککردنی سزا لە بەرامبەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم
ڕۆژنامەى نیویۆرک پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، واشنتن پێشنیازی سووککردنی سزاکانی کردووە لە بەرامبەر ئەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕابگرێت و گەرووی هوورمز بکاتەوە.
داماڵینی ئێران لە خواستی ئەتۆمی
ئانا کێلی جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لە ململانێکەدا لەگەڵ ئێران، ئەمریکا باڵادەستە و هەوڵدەدات بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە خواستە ئەتۆمییەکانی دایبماڵێت. کێلی ڕۆژی شەممە بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گووتووە "لە هەموو کاتێک ڕوونترە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی کار بۆ کۆتاییهێنان بە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ هەمیشەیی دەکات".
گۆڕینی ئاڕاستەی 58 کەشتی
هەر ئەمڕۆ سوپاى ئەمریکا ڕایگەیاند، گەمارۆى سەر بەندەرەکانى ئێران بە تەواوەتى بەردەوامە و گوتیشى " لەسەرەتاى گەمارۆکەوە ئاڕاستەیان بە 58 کەشتی گۆڕیوە". ڕۆژانی ڕابردوو گەرووی هوورمز و دەوروبەری ئاڵۆزى زۆرى بەخۆیەوە بینی، لە دوای نزیکەى مانگێک لە ئاگربەست، ئیمارات کەوتە بەر هێرشی نوێ.
شەڕ و پێکدادانی پچڕپچڕ
ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی، شەڕ و پێکدادانێکی پچڕپچڕ لە نێوان هێزەکانی ئێران و کەشتییە ئەمریکییەکان لە گەرووەکەدا ڕوویداوە. دواتر ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە دۆخەکە هێور بووەتەوە بەڵام هۆشداری داوە ئەگەری پێکدادانی زیاتر هەیە.
چارەسەری دیپلۆماسی و یاری سەربازی
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی گوتی، "هەر جارێک چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەسەر مێزەکە بێت، ئەمریکا سەرگەرمییەکی سەربازیی بێباکانە هەڵدەبژێرێت".
09/05/2026