مەزڵووم عەبدی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سلێمانییەوە بوو
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەردە لەسەر چەندین نهێنیی مێژوویی و سیاسی لادەدات و باس لە مێژووی دەستپێکی خەباتی چەکداری و سیاسیی خۆی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.
قۆناغی خوێندن و گۆڕینی جلوبەرگی مەدەنی بۆ سەربازی
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی سیاسیی ئەو بۆ سەردەمی خوێندنی ئامادەیی لە حەلەب دەگەڕێتەوە. لە قۆناغی زانکۆدا بەهۆی کارکردن بۆ دۆزی کورد 4 جار لە لایەن ڕژێمی پێشووی سووریاوە دەستگیر کراوە، ئەمەش وای کردووە زانکۆ تەواو نەکات و سووریا جێبهێڵێت. عەبدی ڕایگەیاند، سەرەتا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە سیاسەتی کردووە، بەڵام بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا جلوبەرگی سەربازی دەپۆشێت و هیوادارە لە داهاتوودا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی.
پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای هەشتاکاندا لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و لە دامەزراندنی ئەو حیزبەدا لە سووریا بەشدار بووە. ئەو کاتە تەنیا پەکەکە لە باکوور وەک مەرجەع هەبوو. عەبدی جەختی کردەوە کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیوەندیی خێزانییان هەبووە و ئۆجەلان بۆ ماوەیەک لە ماڵی ئەوان لە کۆبانێ ماوەتەوە.
دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە
عەبدی ڕایگەیاند لە سەرەتای قەیرانی سووریادا 2 جار لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونە ڕێککەوتن. عەبدی، بەشار ئەسەدی بە پیاوێکی "گەمژە و لووتبەرز" وەسف کرد کە گوێی لە کەس نەدەگرت. تەنانەت ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 1 کاتژمێری لەگەڵ ئەسەد ئەنجامداوە و دواتر بە عەبدی وتووە کە "هیچ شتێکی لەسەر بونیاد نانرێت". هەروەها وتی ڕووسەکان نێوەندگیرییان کرد بەڵام شکستیان هێنا چونکە ئەسەد گوێی لە هاوپەیمانەکانیشی نەدەگرت. لە لایەکی دیکەوە، عەبدی ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵەکان، لەگەڵ ئێرانییەکان کۆنەبووەتەوە و ئێرانییەکانی لە ناوچەکە دەرکردووە کاتێک ویستوویانە هێزی خێڵەکی دروست بکەن.
ڕزگارکردنی کۆبانێ و هەڵوێست بەرانبەر سوپا
عەبدی وردەکاریی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە 18ـی تەممووزی 2012 دەگێڕێتەوە. ئەو وتی بڕیاری ئازادکردنی شارەکەیان دا دوای ئەوەی ڕژێم هەڕەشەی بۆردومانکردنی کردبوو. لەو پڕۆسەیەدا خوێن نەرژا و هەزاران سەربازی ڕژێمیان بە دیل گرت و دواتر وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ کردن و ڕادەستی خێزانەکانیان کردنەوە. بەڵام عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە کاتی کشانەوەدا خیانەتیان لێکردن و پەلاماریان دان، بۆیە لەو ناوچانەی تەسلیم نەبوون شەڕیان کردووە و ژمارەیەک ئەفسەری پلە باڵایان کوشتووە.
جەنگی دژ بە داعش و پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان
پێش جەنگی کۆبانێ، داعش داوای "بەیعەت"ی لە هەسەدە کردووە و پێشنیازی "ویلایەتێکی کوردی" کردووە، بەڵام عەبدی ڕەتی کردووەتەوە. ئەو جەنگی کۆبانێ بە سەختترین جەنگ وەسف دەکات کە دواتر پێشمەرگە و پەکەکەش تێیدا بەشدار بوون. لەبارەی ئەمریکاشەوە وتی، پەیوەندییە سەرەتاییەکان لە ڕێگەی سلێمانی ئەنجامدراون. هاوپەیمانان سەرەتا تەنیا بۆ ڕزگارکردنی سڤیل دەهاتنە پێشەوە، بەڵام کاتێک خۆڕاگریی شەڕڤانانیان بینی، پشتیوانییەکانیان زیاد کرد.
پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و پرۆسەی ئاشتی
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا "نیمچە ئاساییە" و ئەوەی ڕوودەدات ئاگربەستێکە کە لە ئەنجامی پڕۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا سەرچاوەی گرتووە. عەبدی وتی: "هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندییەکی ئەمنیەوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسی بگۆڕین و ڕەنگە سەردانی تورکیا بکەم".
پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع و داهاتووی سووریا
مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد کە لە کاتی جەنگی (ردع العدوان) لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی ڕێککەوتوون لەسەر پاراستنی ئاسایشی حەلەب. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەرییەک لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە هەبووە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن و پۆستێکی سیادی وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە چونکە کاری لەپێشینەی لە ڕۆژاڤا هەیە کە پەیوەندی بە یەکگرتوویی کوردەوە هەیە.
ئاسایش و هەوڵەکانی تیرۆرکردن
لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە لە ماوەی خەباتیدا چەند جارێک ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە ئەرکەکانی. سەبارەت بە کارگێڕیش وتی، هەندێک هەڵەی کارگێڕییان کردووە کە بەشێکی پەیوەندی بە بارودۆخی شەڕەوە هەبووە و پێویستە دیمەشق داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لەبەر ئەو خیانەتانەی بەرانبەریان کراوە.
11/05/2026