نەتەوەيەکگرتووەکان: لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سودان 880 کەس کوژراون
نەتەوەيەکگرتووەکان ڕايگەياند، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی درۆنیيەوە 880 هاوڵاتی سڤيل لە سودان کوژراون، هۆشداريشيدا لەوەی ئەو هێرشە درۆنييانە شەڕی ئەو وڵاتە دەبەنە قۆناغێکی کوشندەترەوە.
زیاتر لە سێ ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەر
لە مانگی نيسانی 2023ەوە شەڕی ناوخۆ لە سودان لەنێوان سوپای سودان و گرووپی چەکداری هێزەکانی پشتيوانی خێرا سەريهەڵداوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا هەردوولا دەستيانکردووە بە هێرشی درۆنی بۆسەر يەکدی ئەوەش شەڕەکەی چڕتر کردووە.
ژمارەی قوربانییەکان لە چوار مانگدا
نووسينگەی مافەکانی نەتەوەيەکگرتووەکان ڕايگەياند، تيمی سودانيان پێی گوتوون بەهۆی هێرشە درۆنييەکانەوە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو نيسان 880 سڤيل کوژراون.
لە 80%ـی هێرشە درۆنییەکان هاوڵاتیانی سڤیلی تیا بووەتە قوربانی
دەشڵێت "لە سەدا 80ی گيانلەدەستدانی هاوڵاتييانی سڤيل بەهۆی ئەو هێرشانەوە بووە، کە زۆرينەيان لە هەرێمەکانی کۆردۆفان و دارفور بوون".
هێرشەکانی ئەم مانگە
لەم مانگەشدا، هێرشەکان بەردەوامبوون و لە ڕۆژی 8ی مانگدا هێرشکراوەتە سەر ناوچەيەک لە باشووری کۆردۆفان و بەهۆيەوە 26 کەس کوژراون و ژمارەيەکيش برينداربوون.
سەرکۆنەی ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی خەڵکی مەدەنی لە شەڕی بەردەوامی سوداندا سەرکۆنە کردووە و ڕايگەياندووە، بەڵگە هەيە کە هەردوو لایەنی ململانێکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی ئامانجە مەدەنییەکان بەکاردەهێنن.
شەڕی سودان 15ی نيسانی 2023 دەستيپێکرد و لە ساڵی چوارەمدايە، بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 400 هەزار کەس بەهۆيەوە گيانيان لەدەستداوە و 11 مليۆن کەسيش ئاوارەبوون، ئەوەش خراپترين قەيرانی مرۆیی لە جيهاندا خوڵقاندووە.
11/05/2026