پلاندانان: ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە عێراق دابەزیوە

فرۆشیارێکی دەستگێری چا لە یەکێک لە شەقامەکانی بەغداد
فرۆشیارێکی دەستگێری چا لە یەکێک لە شەقامەکانی بەغداد

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای دەکات، ڕێژەی هەژاری و بێکاری دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەتیش بەرزبووەتەوە.

کەمبوونەوەی هەژاری و بێکاری بە گوێرەی ڕێژە

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، "بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو، ڕێژەی هەژاری بۆ 17% و بێکاریش بۆ 13% دابەزیوە".

ڕێژەی پێشتری هەژاری و بێکاری

دەشڵێت، "لەماوەی ڕابردوودا ڕێژەی هەژاری 22% هەروەها ڕێژەی بێکاریش 16% بووە لە عێراقدا".

گرنگی کەرتی تایبەت

بە گوتەی عەبدولزەهرە هنداوی، کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و هەژاری، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت، 84 ترلیۆن دینار بووە.

ڕۆڵی گرنگی کەرتی تایبەت

هنداوی جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتی پلاندانان پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێت، وەک پایەیەکی سەرەکی پەرەپێدان، چونکە ئەو کەرتە ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ زیادبوونی هەلی کار و کەمبوونەوەی بێکاری.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان باس لەوەش دەکات، وەزارەتەکەیان وێنەیەکی ڕوونی لەسەر عێراق بە پشتبەستن لەسەر ئەنجامی سەرژمێری دانیشتووان و ئەو ڕووپێوییە مەیدانییەی ئەنجامی داوە، دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ زانینی ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە تەواوی وڵاتەکە.