جۆو کێنت: ترەمپ لەجیاتی ئەوەی لە کوردەکان توڕە بێت، دەبێت لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکات

کەناڵ8 12/05/2026
جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا
جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا

بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا پەردە لەسەر هۆکاری توڕەییەکەی ترەمپ بەرامبەر کورد لادەدات؛ کێنت دەڵێت ئیسرائیل "خەونێکی سەرکەوتنی خێرا"ی بە ترەمپ فرۆشتووە و ئێستا کە خەونەکە نەهاتووەتە دی، سەرۆک لە هاوپەیمانە کوردەکانی نیگەرانە.

خەونی ئیسرائیل و بێئومێدیی ترەمپ

جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا ڕایگەیاند، هۆکاری نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان ڕاگەیاندبوو پڕچەککردنی کوردەکان و ئێرانییە ناڕازییەکان، بە خێرایی کۆتایی بە ڕژێمی ئێران دەهێنێت. بەگوتەی کێنت، ئیسرائیلییەکان ئەو خەونەیان لەلای ترەمپ دروست کرد کە دەتوانێت لە ڕێگەی کوردەوە سەرکەوتنێکی خێرا بەدەستبهێنێت، بەڵام چونکە ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەکرا، ترەمپ ئێستا تووشی بێئومێدی بووە.

کورد وەک هاوپەیمانی شەڕی تیرۆر

کێنت لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، کوردەکان هاوپەیمانێکی گرنگی جەنگی دژ بە تیرۆرن. ئەو پێیوایە لەجیاتی ئەوەی ترەمپ لە کوردەکان توڕە بێت، دەبێت ڕووی دەمی بکاتە ئەو بەرپرسە ئیسرائیلی و ناوخۆییانەی کە هانیان دا ئەم جەنگە ئەنجام بدات و ئێستا ئەنجامەکەی وەک ئەوە نییە کە بەڵێنیان پێدابوو.

ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا

بەبڕوای ئەم بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا، ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل ئەوە بووە واشنتن بخاتە نێوەندی جەنگەکەوە، نەک بەدیهێنانی ئەو خەونەی بە ترەمپیان فرۆشتووەتەوە. کێنت دەڵێت: "ئیسرائیل دەمێکە تێگەیشتووە ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، بۆیە پێویستی بەوە بوو ئەمریکا پەلکێشی ناو جەنگەکە بکات تاوەکو بەشی زۆری ڕووبەڕووبوونەوەکان لەسەر شانی واشنتن بێت."

شکستی ڕاوێژکارانی تیمی ترەمپ

لە کۆتایی قسەکانیدا، کێنت ڕەخنەی لە کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ گرتووە و دەڵێت، ئەوان شکستیان هێنا لەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسرائیل بخوێننەوە. بەگوتەی ئەو، تیمی ترەمپ نەیانتوانی درک بەوە بکەن کە ئامانجەکە تێوەگلانی ئەمریکا بووە لە گرژییەکاندا، نەک ئەو سیناریۆیانەی بۆ ڕووخانی خێرای ڕژێمی تاران داڕێژرابوون.

پاشخانی نیگەرانییەکانی ترەمپ

ئەم لێدوانانەی جۆو کێنت دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە توندی ڕەخنەی لە کورد گرت و ڕایگەیاند "لە کوردەکان بێ ئومێدم". ترەمپ باسی لەوە کردبوو کە کوردەکان "هەر حەز دەکەن وەربگرن" و جەختی کردەوە کە زۆر لە هەڵوێستەکانیان نیگەرانە.

کەناڵ8

12/05/2026