ئەمریکا 1.8 ملیار دۆلار بۆ هاوکارییەکان دەبەخشێتە نەتەوەیەکگرتووەکان؛ "ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات"
واشنتن بەڵێنی دا لە ساڵی 2026 بڕی 1.8 ملیار دۆلار بۆ هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین بکات، گۆتێرێسیش دەڵێت، هاوکارییەکەی ئەمریکا ژیان ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات.
ژیانی خەڵکی پێ ڕزگار دەکرێت
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، ئەم پارەیە ژیانی خەڵکێکی زیاتر لە سەرانسەری جیهاندا ڕزگار دەکات، هەروەها پاڵپشتی ئەو چاکسازیانە دەکات کە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی، لێپرسینەوە و ئەنجاممان داون.
لە 18 وڵاتدا خەرج دەکرێت
بە گوێرەی فرانس پرێس ئەم هاوکارییە دەخرێتە سەر ئەو 2 ملیار دۆلارەی دیکە کە ئەمریکا پێشتر بەڵێنی دابوو بۆ پشتگیریکردنی کارە مرۆییەکان و لە 18 وڵاتدا خەرجی بکات .
هاوکاری بۆ شوێنە دوورەدەست و سەختەکان
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتیشی، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کاتە باشترین کاری خۆی دەکات، کە هاوکاری مرۆییەکان دەگەیەنێتە شوێنە دوورەدەست و سەختەکان، بەڵام کاتێک ڕێکخراوەکە لە ئەرکی سەرەکی خۆی لادەدات، ئەوا ئەدای کارکردنی زۆر لاوازتر دەبێت .
ئەمریکا دەستبەرداری هاوکاریی مرۆیی نەبووە
واڵتز ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە گوایە واشنتن دەستبەرداری ڕۆڵی خۆی بووە لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکاندا.
"ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار دەکات"
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەم بەڵێنە نوێیەی ئەمریکا "ڕێگە بە کارمەندانی بواری مرۆیی دەدات بگەنە ملیۆنان کەس لە توندترین قەیرانەکاندا لە ڕێگەی دابینکردنی پشتگیرییەک کە ژیانیان ڕزگار دەکات".
33 ملیار دۆلار بۆ 135 ملیۆن کەسە پێویستە
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵی 2026دا پێویستی بە 33 ملیار دۆلار هەیە بۆ پشتگیریکردنی 135 ملیۆن کەس کە بەهۆی شەڕ، پەتا، گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
14/05/2026