زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە نێوان گەشەکردنی سرووشتی و پشتگوێخستنی حکومەتدا ماوەتەوە. هەرچەندە زیاتر لە %10ـی دانیشتووانی ئێران، کوردن، بەڵام هێشتا زمانەکەیان لە بوارى خوێندن و کارگێڕیدا قەدەغەیە.
لە دوای فارس و ئازەرییەکان، کورد سێیەم نەتەوەی گەورەی ئێرانە، هاوشێوەی نەتەوەکانى دیکە کە زمانیان فارسى نیە، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایک بێبەشن.
بەگوێرەی ماددەی 15 لەدەستووری ئێران، مافی خوێندن بەزمانی دایک لەگەڵ زمانی فارسی لە قوتابخانەکان دا هەیە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 47 ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا هەر بە نووسراو ماوەتەوە بە کردار جێبەجێ ناکرێت.
هەر لە دەستوورى ئێران دا هاتووە، بەکارهێنانی زمانە لۆکاڵى و نەتەوەییەکان لە چاپەمەنی و میدیا و پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەکان، شان بەشانی زمانی فارسی یاساییە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەمەندە بە شێوەزارەکان، ئەوانیش بریتین لە؛ سۆرانی، کە لە پارێزگاکانی سنە و باشوورى ورمێ و بەشێک لە کرماشان قسەی پێدەکرێت، شێوەزارى کورمانجییش زیاتر لە پارێزگای ورمێ قسەی پێدەکرێت، دواتر کەلهوڕی، لوڕی و لەک لە پارێزگاکانی لوڕستان و بەشێک لە کرماشان، هەورامی لە هەندێک لە شارەکانی وەک پاوە و جوانڕۆ و مەریوان، کە دەکەونە سنوورى هەردوو پارێزگاى سنە و کرماشانەوە بەکاردێن.
بە گوێرەوی ڕێکخراوی یونسکۆ بەشێک لە زمانەکانی ئێران لە دوای فارسی لەوانە کوردی، ئازەری و تورکمانى مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە، پێشتریش لە نامەیەکدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران 167 مامۆستای زانکۆی کوردستان لە سنە داوایان کردبوو پلانێک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 15ی دەستوور ئامادە بکرێت.
بە گوێرەى ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 10 بۆ 12 کەسە، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئێران دیارنییە.

