لە هەڵەبجە زیاتر لە 150 پارچە مین و تەقەمەنی لەناوبران
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 150 پارچە مین و تەقەمەنی لەناوبران کە لە ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاکەوە کۆکرابوونەوە.
گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى سەلامەت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەڵەبجە لە ڕاگەیێندراوێک دا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی بیارەوە ئاگادارکراونەتەوە بە بوونی گولـلەیەکی کاتیۆشا و تیمەکانیان گواستویانەتەوە بۆ شوێنێکى سەلامەت.
بە کردارى تەقینەوەى ناکارەبایی
بەگوێرەى ڕاگەیێندراوەکە، هەر ئەمڕۆ هەردوو تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەڵەبجە و سلێمانی لە چالاکییەکی هاوبەشدا بە ئامادەبوونی تیمی چاودێریی دڵنیایی جۆریی دەزگای گشتیی کاروباری مین، هەستاون بە تەقاندنەوە و لەناوبردنی زیاتر لە 150 پارچە مین و تەقەمەنی بە یەک کرداری تەقینەوەی ناکارەبایی.
لە ماوەکانى ڕابردوودا دۆزراونەتەوە
دەشڵێت: ئەو مین و تەقەمەنییانە لە ماوەی ڕابردوودا لە شوێنە جیاجیاکانی پارێزگای هەڵەبجە دۆزراونەتەوە و لە لایەن تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەڵەبجە هەڵگیراون.
15/05/2026