كێڤن وارش وەک سەرۆکی نوێی بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت

کێڤن وارش سەرۆکی بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا
کێڤن وارش سەرۆکی بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا

ئەمڕۆ کێڤن وارش وەک 17یەمین سەرۆکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت و شوێنی جیرۆم پاوڵ دەگرێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئابووریی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە.

گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی بانکەکە

ئەمڕۆ 16ـی ئایار، بۆ یەکەمجار کێڤن وارش وەک سەرۆکی نوێی بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت. ئەم دەستبەکاربوونە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی پێشووی یەدەگی فیدراڵی، کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و پۆستەکەی بۆ وارش چۆڵ کرد.

پڕۆسەی دەنگدان لە ئەنجوومەنی پیران

کێڤن وارش توانی 54 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 45 دەنگی نەخێر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەدەستبهێنێت. ئەمە بە کەمترین ڕێژەی دەنگ دادەنرێت کە سەرۆکێکی یەدەگی فیدراڵی لە دوای ساڵی 1977ـەوە بەدەستی هێنابێت، کە نیشانەی بوونی کێبڕکێیەکی سیاسیی توندە لەسەر ئەم پۆستە داراییە هەستیارە.

هەڵاوسان و فشارە ئابوورییەکان

سەرۆکی نوێی بانکی فیدراڵی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەستبەکار دەبێت. لە لایەک دۆناڵد ترەمپ فشار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی، لە لایەکی دیکەشەوە داتاکانی مانگی نیسان نیشانی دەدەن کە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ 3.8% بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی شۆکی نرخی وزەوە بووە کە لە ئەنجامی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز دروستبووە.

پێگەی بانکەکە و ئەرکەکانی وارش

کێڤن وارش کە تەمەنی 56 ساڵە و پێشتر لە ساڵانی 2006 تاوەکو 2011 پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووە، ئێستا کۆنترۆڵی گرنگترین دامەزراوەی دارایی جیهان دەکات. ئەرکی سەرەکیی وارش دیاریکردنی تێچووی قەرز و سوودی بانکییە بۆ ئەمریکا، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی بازاڕە داراییەکانی جیهان دەبێت.