کەی ڕژێنی دەرەقی( پەریزاد) پێویستە بە نەشتەرگەری لاببرێت؟
سەروەر سالار 17/05/2026
ڕژێنی دەرەقی( پەریزاد) یەکێکە لە گرنگترین ڕژێنەکانی جەستە، بەڵام هەندێک جار تووشی کێشەیەک دەبێت کە تەنها بە دەرمان چارەسەر ناکرێت.
لەئەم بارودۆخانەدا، نەشتەرگەریی لابردنی ڕژێنی دەرەقی(پەریزاد) دەبێتە بڕیاری کۆتایی:
- گومان لە بوونی شێرپەنجەی ڕژێنی دەرەقی(پەریزاد): ئەگەر لە ڕێگەی پشکنینی شانەزانی یان پشکنینی سۆنەرەوە دەرکەوت کە گرێکە گومانی شێرپەنجەی لێ دەکرێت، پێویستە بە زووترین کات لاببرێت
- گەورەبوونی لەڕادەبەدەری گرێکە: کاتێک ڕژێنە دەرەقییەکە فشار دەخاتە سەر بۆری هەناسە یان سورێنچک و دەبێتەهۆی توندیی هەناسە و ناڕەحەتی لە کاتی قووتدانی خواردندا
- ڕژێنی دەرەقیی(پەریزاد)ـی ژەهراو: کاتێک ڕژێنەکە بڕێکی زۆری ئاستی هۆرمۆن دەردەدات و بە دەرمان یان یۆدی تیشکدەر کۆنتڕۆڵ ناکرێت
- بوونی گرێی فرەجۆر: کاتێک چەندین گرێ لەناو ڕژێنی دەرەقی(پەریزاد) دا دروست دەبن و بە تێپەڕبوونی کات قەبارەیان زیاد دەکات
- کێشەی جوانکاری: هەندێکجار بەهۆی گەورەیی ڕژێنی دەرەقی(پەریزاد) ـەوە شێوەی مل تێکدەچێت و چارەخوازەکە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی شێوەی ملی داوای لابردنی گرێکە دەکات
جۆری نەشتەرگەریی لابردنی گرێی ڕژێنی دەرەقی(پەریزاد) چییە؟
نەشتەرگەرییەکە یان بە لابردنی "نیوەی ڕژێنی دەرەقییەکە " یان "هەموو ڕژێنەکە" دەبێت. خۆشبەختانە ئێستا ئەم نەشتەرگەرییانە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، وردییەکی زۆر و بە کەمترین بڕین لە شوێنی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدرێن.
ڕێنمایی بۆ ئەو چارەخوازانەی گرێیان هەیە لە ملیاندا
ئەگەر کەسەکە هەستی بە بوونی بە گرێ یان گۆڕانکاری لە قەبارەی ملیدا کرد، پشتگوێی نەخات و پشکنین ئەنجام بدات، چونکە تەندروستیی کەسەکە پێش هەموو شتێکە.
د. دیاری نیهاد ئیسماعیل: پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
سەروەر سالار
17/05/2026