ڕاپرسییەکی نوێ: جەهەپە لە ئاکپارتی دەباتەوە و ئیمامئۆغڵو دەبێتە سەرۆککۆمار
ئەنجامی نوێترین ڕاپرسی لە تورکیا ئاماژە بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئاکپارتی دەکات و بەربژێری جەهەپەش پێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەوێت.
ئەنجامی دەنگی پارتەکان
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاریی ئەنقەرەوە ئەنجامدراوە، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا و باکووری کوردستان بکرێت، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 32.2%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لە بەرامبەردا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 29.5%ـی دەنگەکان دەباتەوە، بەوەش جەهەپە کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئاکپارتی دەهێنێت. هەروەها پارتی دەم 9.3%، مەهەپە 7.1% و ئیی پارتی 6.3%ـی دەنگەکانیان بەرکەوتووە.
ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە 55.6%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لە بەرامبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپە، 44.4%ـی دەنگی دەنگدەران بەدەستدەهێنێت و پۆستەکە لەدەست دەدات.
هەڵسەنگاندنی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات
ڕاپرسییەکە تیشکی خستووەتە سەر بۆچوونی بەشداربووان لەسەر سیاسەت و دەسەڵاتی ئێستای ئاکپارتی. 66.6%ـی بەشداربووان پێیان وایە تورکیا بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوەدەبرێت، لە بەرامبەردا تەنیا 24.7%ـیان پێیان وایە تورکیا بە باشی بەڕێوەدەبرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی بەشداربووان پێشتر دەنگدەری ئاکپارتی بوون.
17/05/2026