پاش 80 ڕۆژ بۆرسەی ئێران دەکرێتەوە؛ جەبار گۆران: کاریگەریی لەسەر بەهای تمەن و بازاڕی سلێمانی دەبێت
پاش 80 ڕۆژ لە داخستنی، بازاڕە داراییەکانی ئێران دەکرێنەوە و گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش پێشبینی دەکات ئەم هەنگاوە بەهای تمەن بەرز بکاتەوە و ئاسانکاری بۆ بازرگانان دروست بکات.
کردنەوەی بازاڕە داراییەکان پاش 80 ڕۆژ
ئەمڕۆ پاش 80 ڕۆژ بازاڕە داراییەکانی ئێران دەکرێنەوە، وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی مامەڵە داراییەکان و ڕێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانیی. ڕۆژی ڕابردوو حەمید یاری، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێشەممەوە بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتەکەی دەکرێنەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاگرتنی چالاکییەکان لە سەرەتای ململانێکانەوە لەپێناو پاراستنی سەروەت و سامانی خاوەن پشکەکان و ڕێگریکردن بووە لە لەناوچوونی سامانی بازرگانان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو.
ئاسانکاری بۆ بازرگانانی هەرێم و ناوچەکە
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ڕایگەیاند، کردنەوەی بازاڕی بۆرسەی تاران ئاسانکاریی زۆرباش بۆ بازرگانان و مامەڵەکارانی بازاڕی دراو دەکات. ڕوونیکردەوە کە لەماوەی ڕابردوودا داخستنی بۆرسە و نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت گرفتی گەورەی دروستکردبوو، بەجۆرێک بازرگانانی هاوردەکار و هەناردەکاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەتوانرا بە ئاسانی سیستمی پارەدانیان ڕێکبخەن، بۆیە ناچار دەبوون سیمکارتی ئێرانی بەکاربهێنن یان بچنە دەروازە سنوورییەکان تاوەکو بە شێوەی کاش پارەکانیان ڕێکبخەن.
کاریگەری لەسەر بەهای تمەن و حەواڵە
گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بە کردنەوەی بازاڕە داراییەکانی ئێران سیستمی پارەدانی حەواڵە باشتر کارا دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە ئاساییکردنەوەی ئەم مامەڵانە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بەهای تمەن دادەنێت و ئەگەری هەیە بەهای دراوەکە بەرامبەر دۆلار بەرز بکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی کوردستان دەبێت کە پەیوەندییەکی بازرگانیی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.
18/05/2026