
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەو دۆسیەیەی بە "ڕێکخراوی تاوانکاری ئیمامئۆغڵو" ناسراوە، 57 تۆمەتباری دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیستانبوڵ و ژمارەیەک پارێزگای دیکە دەستگیرکران.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، 57 کەسەکە بە تۆمەتی کاری نایاسایی و گەندەڵی لە تەندەری کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی بۆغازیچی سەر بە سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، دەستگیرکراون.
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دوای ئەوە هاتووە دەرکەوتووە، تەندەرەکان لە لایەن کەسانی گومانلێکراوەوە ئاڕاستە کراون، ڕێوشوێنی پێچەوانەی یاسا و ساختەکاریی کراوە.
پاش تەواوبوونی کارە سەرەتاییەکان، هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێکی هاوکاتیان بۆ سەر ژمارەیەک ئەدرەس لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئیستانبوڵ، ئەدەنە، بورسا، ئامەد، قۆنیا و یاڵۆڤا کرد و لە ئەنجام دا 57 گومانلێکراویان دەستگیرکرد.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 تۆمەتبار و گومانلێکراو لە چوارچێوەی دۆسیەی "ڕێکخراوی تاوانکاری" ئیمامئۆغڵودا دەستگیرکراون و ئێستا 77یان دەستبەسەرن، کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی ئیستانبوڵ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی شارەوانییەکەیان تێدایە.
