
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دارایی گشتی ڕووبەرووی فشار و ئاڵنگاریەکی سەختی کەمبوونەوەی نەختینە بووەتەوە، هۆکارە سەرەکییەکەشی دابەزینی داهاتی فرۆشتنی نەوت بووە بە هۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە.
مەزهەر محەممەد، دەشڵێت " کۆی داهاتی گشتی بۆ 4 تڕیلیۆن دیناری مانگانە دابەزیووە لە کاتێکدا حکومەت بۆ دابینکردنی خەرجی مووچە و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە پێویستی بە 8 تڕیلیۆن دینار هەیە".
ڕاوێژکارەکەی سوودانی بۆچونی وایە هۆکاری کومبوونەوەی نەختینە لە عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمز و کەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانییەوە بووە و هەروەها کێشەی لۆجستی دواکەوتنی گەیشتنی گوژمەی دۆلار کە پارەی فرۆشتنی نەوتە لە ئەمریکاوە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی نەختینەییە.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی بۆ چارەسەری قەیرانی کەمبوونەوەی نەختینەی دەڵێت "حکومەت چەندین ڕێگای لەبەردەستدایە و دەتوانێت قەرزی ناوخۆی بکات یاخود دەستبۆ پارەی سپاردەی بانکە گەورەکانی وەکو ڕافیدەین و ڕەشید و تی بی ئای بەرێت، تەنانەت دەشتوانێت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانەی و دڵنیایش دەدات لە گەرەنتیکردنی مووچە.


