هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بۆ ئاوارەکانی عەفرین ڕادەگەیەنێت و جەخت لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەی خۆسەر، لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکانى عەفرین بۆ زێدى خۆیان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، گەلى عەفرین ئەمڕۆ وەک ڕۆژێکى نوێ دەبینن. ناوبراو هیواشی خواست کە خەڵکی ناوچەکە نرخى ئەم ساتە بزانن و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەى دووبارەی عەفرین تەرخان بکەن.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گەلی ناوچەکە هەموو هەوڵێکى خۆیان بدەن بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى ئەو ڕێککەوتنەى کە هەیە، ژیانێکى هاوبەش بەڕێوە ببەن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە لەم قۆناغەدا پارێزگاریی تەواو لە زمان و کولتووریى ڕەسەنی خۆیان بکەن.
سەبارەت بە ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکە، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە خەڵکى گرێ سپیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە دواى جەژنى قوربان ئەو پڕۆسەیە بە فەرمی دەستپێبکات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان.