عەلی زەیدی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیمارات و سعودیە دەکات

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیمارات و سعودیە دەکات و جەخت لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەکاتەوە.

سەرکۆنەى هێرشەکان

عەلی زەیدی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "جارێکی دیکە سەرکۆنەى ئەو هێرشە تاوانکارییانە دەکەین، کە سعودیە و ئیماراتی برامانی کردووەتە ئامانج، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەمان لەوبارەیەوە پێکهێناوە".

لێکۆڵینەوە بە بەشدارى وڵاتان

دەشڵێت، "جەخت لە گرنگی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش بە بەشداریی ئەو وڵاتانە دەکەینەوە، لەپێناو ئاشکراکردنی سەرجەم ئەو بەڵگانەی بیسەلمێنێت هێرشەکانی لە خاکی عێراقەوە کراون".

ڕێکارى ئەمنى دژى هێرشکاران

سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، ڕێکاری ئەمنی و یاسایی دژی ئەو کەسانە دەگرنەبەر، کە لەو هێرشانەوە تێوەگلاون.

بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق قەدەغەیە

عەلی زەیدی ڕەتیدەکاتەوە عێراق و ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان بەکاربهێنرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە عێراق ببێتە خاڵی بەرژەوەندیی هاوبەش.

هێرشەکان بۆسەر سعودیە و ئیمارات

سەرەتای ئەم هەفتەیە، هەریەک لە سعودیە و ئیمارات ڕایانگەیاند، بە درۆن لە عێراقەوە هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکانیان و داوایان لە دەسەڵاتدارانی بەغداد کرد، ڕێکاری بەپەلە بگرێتەبەر و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیە بکات.