
کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ ئێران بەڕێژەی 95٪ تەواو بووە بەڵام دانوستانکاران هێشتا گفتوگۆ دەکەن لەسەر خاڵەکانی پەیوەست بە کۆگاکانی یۆرانیۆم و گەرووی هوورمز.
کەناڵی فۆکس نیوز کە نزیکە لە ترەمپ و پارتی کۆمارییەکانەوە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، "تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنەکە نەکراوە و ئەمڕۆ و سبەی واژۆی لەسەر ناکرێت، خواستی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، پێنج یان شەش یان حەوت ڕۆژیان پێبدات بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە".
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "بەبێ ڕادەستکردنی تۆزی یۆرانیۆمەکە، دۆلار نییە" ئەوە سیاسەتی ئەوانە لە دانوستانەکاندا. واتە لەبەرامبەر ئازاکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، پێویستە ئەو وڵاتە یۆرانیۆمەکەی ڕادەست بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتن کراوە لەبارەى کۆگاکانی یۆرانیۆم و گەرووی هوورمز، بەڵام لەسەر خاڵەکان دانوستان بەردەوامە". جەختیش دەکاتەوە، ئێران ڕەزامەندیی لەسەر چوارچێوەکە دەربڕیوە و بە ڕێژەی 95٪ نزیکن لە ڕێککەوتن.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەرفەتێکیان لە بەردەمدایە کە بارگرانیی سەر شانی ئەمریکییەکان کەمبکاتەوە و لە هەمانکاتدا ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هاوشێوەی لێدوانەکانی ترەمپ، بەرپرسە ئەمریکییەکەش بە فۆکس نیوزی گوتووە، "ئەوان بە دڵنیاییەوە ڕێککەوتنی خراپ ناکەن. ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت بژاردەی دیکەیان لەبەردەستە، دەتوانن بۆردوومانەکانیان دەستپێبکەنەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر داوای لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی کرد، پەلە نەکەن لە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و جەختی کردەوە، کات لە بەرژەوەندیی ئەوانە.