
عیرفان سدیق، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند، پێشمەرگە هاوشێوەى حەشدى شەعبى دامەزراوەیەکى فەرمییە و کێشەى پێشمەرگە پەیوەستبوونیەتى بە حیزبەوە.
عیرفان سدیق، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ئاماژەى بەوە کردووە، دەبێت هاوشێوەى ڕێزگرتن لە حەشدى شەعبى لە بەرامبەر ڕۆڵى لە پارێزگاریکردن لە وڵات، ڕێز لە ڕۆڵى پێشمەرگە و قوربانییەکانى بگیرێت.
باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ڕەتیکردەوە هێزەکانى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ئەو بەرنامەیەدا بن کە لە عێراقدا لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنى گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت و جەختى کردەوە، بەرنامەیەک هەیە بۆ چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و ئێمە وەکو بەریتانیا و هەروەها ئەمریکاش پشتیوانیى لێدەکەین و پڕۆسەکەش بەردەوامە و بە هیواین زوو بە ئەنجام بگات.
ڕوونیشکردەوە، لەوە تێدەگەن هێزەکانى پێشمەرگە خاوەن تایبەتمەندى خۆیانن، هەروەها کوردستانیش بەهۆى خەبات و مێژووى خۆیان خاوەن تایبەتمەندى خۆیانن.
باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق باسى لە جیاوازییەکانى نێوان پێشمەرگە و گرووپە چەکدارەکانى عێراق کرد و گوتى، هێزەکانى پێشمەرگە چەکیان دژى حکومەتى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و نێردە دیپلۆماسییەکان بەکارنەهێناوە، گرووپەکان و حەشدى شەعبی بوونەتە کێشە و مەترسى، بەڵام پێشمەرگە کێشە و مەترسی دروست نەکردووە.
جەختیشى لەوەشکردەوە، هەر مامەڵەیەک لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان، دەبێت بە گوێرەى دەستوور و یاسا بێت.
بەگوتەى عیرفان سدیق، کێشەى پێشمەرگە ئینتیما حیزبییەکەیەتى و جەختى لەسەر بوونى پڕۆژەیەک کردەوە بۆ تێکەڵکردنى بەشێک لە یەکەکانى پێشمەرگە، لە چوارچێوەى پڕۆسەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە.
