
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتى نیشتمانیی شیعە، وەڵامی باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق دایەوە و داوادەکات، بەعسییەکانى نیشتەجێی بەریتانیا ڕادەستى عێراق بکەنەوە.
سەدر لە پەیامێکدا وەڵامی باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق دایەوە کە گوتبووى، بەریتانیا دەسەڵاتی لە عێراق ڕادەستی پێکهاتەی شیعە کردووە. سەدر دەڵێت، "ئەگەر دەستەیەک لە شیعە لەبەردەم ئێوەدا کڕنۆشیان بردبێت، ئەوا ئێمە لەوان نین".
هەروەها بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشتگیری و هێنانی ڕژێمی پێشووی عێراق بەپرسیار بووە و ڕەخنەشی لەوە گرت کە ئێستا منەت بەسەر گەلی عێراقدا دەکەن.
ڕێبەری ڕەوتى نیشتمانیی شیعە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر قوربانیدانی بنەماڵەی سەدر و لایەنگرانیان و دژایەتیکردنیان لە ناوخۆی عێراقدا نەبووایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیدەزانی کە ڕژێمی پێشوو لەلایەن گەلەوە ڕەتکراوەتەوە، لە کاتێکدا کە هەندێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە سوودمەند بوون لە مانەوەی ئەو ڕژێمە.
سەدر لەندەنی بە حەشارگەی سەرەکی بەعسییەکان و دوژمنانی عێراق ناوبردووە و داواش لە حکومەتی بەریتانیا دەکات، سەرجەم ئەو کەسانە ڕادەستی دادگای عێراق بکاتەوە، کە لەو شارە نیشتەجێن.
باسی لەوەشکردووە، لێدوانەکانی باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە، بەڵکو هێرشە بۆسەر پیرۆزییەکان و نیشتمان، کە بەگوێرەى یاساکانی بەریتانیاش ڕەتکراوەتەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هەڵوێستەکانی ئێستای بەریتانیا لە دژی بەشێک لە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان، نەیانویستووە فشار بکەن بۆ داوای لێبوردنی فەرمی دیپلۆماسی لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆزەکەیان لە عێراق.
