لەکاتی مەلەکردندا ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بکە
گران جاف 30/05/2026
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، هاونیشمانییان زیاتر ڕوو لە ڕووبار و مەلەوانگەکان دەکەن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن، بەشێکیشیان وەکو وەرزشێک بە بەردەوامی مەلە دەکەن، بەڵام گرنگە لەکاتی مەلەکردندا ڕێنماییە تەندروستییەکانیشمان لە بیربێت.
ڕێنامەکانی تەندروستی بۆ مەلەکردن
پێش مەلەکردن
- هەرگیز بە تەنیا مەلە مەکە
- پێش مەلەکردن جەستەت گەرم بکە و کەمێک کشان بە ماسولکەکانت بکە
- لە پاش خواردنی ژەمێکی قورس یان کحول، بە هیچ جۆرێک ڕاستەوخۆ مەلە مەکە
- زووزوو ئاو بخۆرەوە چونکە تەنانەت لەکاتی مەلەکردنیشدا جەستە ئەگەری وشکبوونەوەی هەیە
- ئەگەر لە دەرەوە مەلەت کرد، دژەخۆر بەکاربهێنە
- چاویلکە و جلوبەرگی تایبەت بە مەلەکردن بەکاربهێنە
- ئەگەر لە دەرەوە مەلەت کرد، نابێت ئاوەکە ڕەنگی گۆڕابێت بۆ زەرد یان سەوز، هەروەها نابێت بۆنی هەبێت
- پێش خۆهەڵدان بۆناو ئاوەکە گرنگە قوڵیی شوێنەکە بزانیت
پاکوخاوێنی
- پێش مەلەکردن خۆت بشۆ
- ئەگەر سکچوون، ڕشانەوە، هەوکردنی گوازراوەی پێست یان برینت هەیە مەلە مەکە
- ئاوی ناو مەلەوانگە قوت مەدە
- لەپاش مەلەکردن گوێیەکانت وشک بکەرەوە
- لە پاش مەلەکردن ڕاستەوخۆ جلەکانی مەلەکردن لاببە و خۆت بشۆ
تەندروستییت بپارێزە
- ئەگەر هەستت بە سەرگێژخواردن، هەناسەتوندی، سنگئێشە و ئازاری توندی ماسولکە کرد، لە مەلەکردن بوەستە
- ئەگەر ڕەبۆت هەیە، پەمپی ڕەبۆکەت با لێت نزیک بێت
- تووشبووانی شەکرە پێویستە پێش و پاش مەلەکردن پشکنینی شەکرە بکەن، چونکە هەندێجار مەلەکردنی زۆر هۆکارە بۆ دابەزینی شەکرە و دەکرێت مەترسیدار بێت
- کلۆر بۆ چاو و پێست خراپە، هەر بۆیە گرنگە پاش مەلەکردن خۆت بشۆیت و شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت
ئەگەر لە پاش مەلەکردن تووشی ئەم حاڵەتانە بوویت، سەردانی نەخۆشخانە بکە:
- ئازاری بەردەوامی گوێ
- پەڵەی پێست
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە پاش مەلەکردن
- هەناسەتوندی
- بێهێزیی زۆر و تێکچوونی هۆشداری
- شینبوونەوەی لێو یان کۆکەی زۆر و توند
گران جاف
30/05/2026