هاتوچۆی سلێمانی شێوازی کارکردنی کامێراکان ئاشکرا دەکات؛ کامێرای "یەک خاڵ" و "خاڵ بۆ خاڵ" چییە؟

کەناڵ8 03/06/2026

گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی وردەکاریی نوێ لەبارەی شێوازی کارکردنی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوی ئاشکرا دەکات و جیاوازیی کارکردنی کامێراکان لە ناو شار و دەرەوەی شار ڕووندەکاتەوە.

کارکردنی سیستەمی یەک خاڵ لە ناو شار

بەهمەن عەبدوڵا، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کامێرای یەک خاڵ تەنیا سەرپێچیی تیژڕەوی لەو شوێنە تۆمار دەکات کە کامێراکەی لێ جێگیر کراوە. ئەم سیستمە لە سەنتەری شاری سلێمانی پەیڕەو دەکرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە ناو شاردا لادانی زۆر لە شەقامەکاندا هەیە و شۆفێر زۆرجار پێویستی بەوە نییە نێوان دوو کامێرا تێپەڕێنێت.

بەردەوامیی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ

سەبارەت بە ڕێگەکانی دەرەوەی شار، گوتەبێژی هاتوچۆ ئاماژەی بەوە کرد کە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ نێوان دوو کامێرا بۆ شۆفێر ئەژمار دەکات لە ڕووی کات و خێراییەوە. ئەو شوێنانەی پێشتر سیستەمی کارکردنیان خاڵ بۆ خاڵ بووە، وەک خۆیان ماونەتەوە و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە.

گۆڕانکاری لە کامێرای شارۆچکەکان و ڕێگەی دەرەوە

بەپێی ڕوونکردنەوەکانی بەهمەن عەبدوڵا، کامێرای یەکەم و کۆتایی لە ڕێگەکانی دەرەوەی شار، لەگەڵ ئەو کامێرایانەی لە ناو شارۆچکە و شارەدێیەکان جێگیر کراون، لە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵەوە گۆڕدراون بۆ سیستەمی یەک خاڵ. هەروەها جەختی کردەوە کە لەو شوێنانەی چڕی دانیشتووانیان زۆرە، کامێراکان بە سیستەمی یەک خاڵ کاردەکەن.

کاریگەریی کامێراکان لەسەر ڕووداوەکان

موقەدەم بەهمەن عەبدوڵا مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوی لە شەقامەکاندا ئەنجامی هەبووە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ئامارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ناوچەکەدا.

کەناڵ8

03/06/2026