
ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، داوای هەڵوێستێکی جێگیر و یەکگرتووی لە دەوڵەتانی کەنداو کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر کوێت و بەحرەین. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایش و چارەنووسی وڵاتانی ناوچەکە بەستراوەتەوە بەیەکەوە و نابێت هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم بەئامانجگرتنە ببێتەوە.
ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، داوای هەڵوێستێکی "جێگیر و یەکگرتوو"ی وڵاتانی کەنداو دەکات لە بەرامبەر هێرشە نوێیەکانی ئێران کە کوێت و بەحرەین دەکەنە ئامانج.
ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە دووبارەکانی ئێران بۆ سەر کوێت و بەحرەین، هەڵوێستێکی پتەو، یەکگرتوو و یەکدەنگیی وڵاتانی کەنداو پێویستە".
هەروەها دەشڵێت، هیچ دەوڵەتێکی کەنداو نابێت بە تەنیا ڕووبەڕووی بەئامانجگرتنێکی لەم شێوەیە ببێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاسایشی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو بەستراوەتەوە بەیەکەوە، بەرژەوەندییەکانیان هاوبەشن و چارەنووسیان یەکە.
ئەو ڕاوێژکارە جەختی کردەوە کە "ئەم هێرشە دەوڵەتێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو ئێمەی کردووەتە ئامانج".