قەیرانی ئابووریی ئێران؛ هەڵاوسان بەرزترین ئاستی لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە تۆمار کرد
دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی و بەردەوامیی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ئێرانییەکانی خستووەتە ناو قەیرانێکی داراییی قووڵەوە. بەپێی ئامارەکان، هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان، دەرمان و خزمەتگوزارییەکان، کە بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
بەرزبوونەوەی بێوێنەی ڕێژەی هەڵاوسان
بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکانەوە، ئێرانییەکان بە قورسترین بارودۆخی داراییدا تێپەڕ دەبن؛ ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئابووریی تاران، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری بە بێوێنە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە وەسف دەکات.
گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان
بەگوێرەی ئامارە ناوخۆییەکان، هەڵاوسانی ئابووری نرخی زۆربەی کاڵا، شمەک و پێداویستییە سەرەتایی و پزیشکییەکانی وڵاتەکەی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست؛ بە جۆرێک پێداویستیی پزیشکی، کرێی تاکسی، توتن و نرخی پەیوەندییەکان بە ڕێژەی 113.8% بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
هەڵکشانی نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی ماڵەوە
بەپێی ئامارە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە، ماددە سەرەتاییەکان بەراورد بە پێش جەنگ، لەوانە: برنج، ڕۆن، هێلکە و شەکر زۆر گران بوون. بە جۆرێک برنجی 10 کیلۆییی پاکستانی بەر لە جەنگ، لە 1 ملیۆن تمەنەوە بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە. هەروەها ڕۆنی 5 کیلۆیی لە 800 بۆ 900 هەزار تمەنەوە بۆ نزیکەی 2 ملیۆن زیادیکردووە، هاوکات نرخی شەکریش لە 40 هەزار تمەنەوە بۆ 120 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
ئامارەکانی بانکی ناوەندی و پێوەری خەرجییەکان
بانکی ناوەندیی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی خەرجیی بەکاربەر کە سەبەتەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکاتە بنەما بۆ پێوانەکردن، ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێوەرەکانی بەکاربەر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، گەیشتووەتە 77.2%. ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە مانگی نیسان، بە ڕێژەی 8.5% بەرز بووەتەوە.
ناڕەزایەتییەکان و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە کاتێکدایە، لە 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بەهۆی گرانی و دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان وڵاتەکەی گرتەوە و تێیدا هەزاران کەس کوژراون و بریندار بوون.
کاریگەریی جەنگ و گەمارۆکان لەسەر دراو
بەهۆی جەنگی ئێران و بەردەوامیی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکە، ڕۆژبەڕۆژ بەهای تمەن دادەبەزێت؛ بە جۆرێک 100 دۆلار زیاتر لە 17 ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.
03/06/2026