مایڵز کاگینز: کۆمپانیا نەوتییەکان گرەنتییان دەوێت

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور)

گوتەبێژى پێشووى کۆمپانیاکانى وەبەرهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان (ئەپیکور) ڕایگەیاند، هۆکارى سەرەکیى دەستپێنەکردنەوەى کارى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان، مەترسییە ئەمنییەکان و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بووە.

کۆمپانیاکان مەترسیان بۆ دروستبوو

مايڵز کاگینز، لە لێدوانێکى تایبەت بۆ کەناڵ8 دەڵێت، لەماوەى ڕابردوو پاش ئاگربەستى نێوان ئێران و ئەمریکا و هێوربوونەوەى بارودۆخى جەنگ، کۆمپانیاکان بە نهێنى دەستیان بە کارکردن کردەوە، بەڵام جارێکى دیکە هێرشکرایەوە سەر کۆمپانیاکان، بۆیە کارەکانیان ڕاگرت.

گەرەنتی کردنى ئاسایشى کارکردن

گوتیشى، کۆمپانیاکان بەڕوونى بە لایەنى پەیوەندیداریان گووتوە، تاوەکو گرەنتیى تەواوى ئەمنییەتى کارى کۆمپانیاکان نەکرێت، بە هیچشێوەیەک کارەکان دەستپێناکەنەوە و مەرجى سەرەکیى کارکردنیان گرەنتیى ئەمنییە.

قەرز هەر قەرزە و نەدراوەتەوە

لە بارەى قەرزى کۆمپانیاکان کە بڕى یەک ملیار دۆلارە و رێککەوتنى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە بارەوە کرابوو، گوتەبێژەکەى پێشووى ئەپیکور، گوتى: تاوەکو ئێستا ئەو قەرزە وەرنەگیراوەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەمەیان نەکردووەتە گرفتى سەرەکیى بەردەم کارەکانیان .

دەستپێکردنەوەى کارى کۆمپانیاکان

لە کۆبوونەوەى نێوان شاندى هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانى عێراق، عەلى زەیدى داوایکرد، کۆمپانیا نەوتییەکان دەستبەکارەکانیان بکەنەوە و بەڵێنیدا کە داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا