
بەردەوامیی داخستنی گەرووی هوورمز، حکومەتی نوێی عێراقی ناچار کردووە، هەوڵەکانی بۆ زیادکردن و فرەجۆرکردنی ڕێگەکانی هەناردەی نەوت و دەستخستنی داهات چڕ بکاتەوە.
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، یەکێکە لەو هەوڵانەی عەلی زەیدی دەیەوێت بەهۆیەوە دەرچەیەک بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە.
زەیدی داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکان کرد، دەستبەجێ دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بکەنەوە و بەڵێنی پاراستن و گەرەنتیی ئەمنیی تەواوەتیی بە کۆمپانیاکانیش دا.
یەکێکی دیکە لە پلانەکانی حکومەتی عێراق، زیاترکردنی هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە دانیشتنی 2ـی ئەم مانگە، بڕیاریدا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی جەیهانەوە لە 220 هەزار بەرمیلەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل زیاد بکرێت و پێویستە ئەو ڕێکارە لە ماوەی دوو مانگ و نیودا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق، هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی وشکانییەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی سووریاوە بۆ بەندەرەکانی بانیاس و تەڕتووس.
حکومەتی عێراق بڕیاریدا نووسینگەی نوێنەرایەتیی فەرمیی وەزارەتی نەوت لە سووریا بکاتەوە، بۆ بەدواداچوونی پڕۆسە لۆجیستییەکان.
گەرووی هوورمز، شادەماری ڕێگەی هەناردەی نەوتی عێراقە، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ مانگە بەهۆی داخستنی گەرووەکەوە، کێشە بۆ هەناردەی نەوت دروستبووە، بۆیە بەغداد بیر لە فرەجۆرکردنی ڕێگەکانی هەناردەی نەوت دەکاتەوە.