ڕاپۆرتێکی نهێنی مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێستگەیەکى ئەتۆمى ئێران، پێش هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل
وێستگەیەکى ئەتۆمى ئێران، پێش هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەدات لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەتۆم لە ئێران و داوا لە بەرپرسانی تاران دەکات، هەماهەنگیی بونیادنەریان لەگەڵدا هەبێت.

سەردانیکردنى وێستگە ئەتۆمیەکان

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا، هۆشداری داوە لە مەترسییەکانی سەردانی نەکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و لێکۆڵینەوە لە کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی زیاتر دەکات.

هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان

ئاژانسەکە لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، کە دواتر ئەمریکاش بەشداریی تیادا کرد، لە ڕێگەی هێرشکردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نەیتوانیوە سەردانی وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران بکات.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئێران

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دانی بەوەداناوە، هێرشە سەربازییەکانی سەر دامەزراوە و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆخێکی بێ پێشینەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە ئێران بەبێ دواکەوتن بە زۆر گرنگ ناودەبات.

کۆبوونەوەى ڤییەنا

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو ڕاپۆرتە بکەن.

هەوڵەکانى تاران بۆ دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمى

ساڵی 2025 پێش دەستپێکردنی هێرشەکان بۆسەر ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئێران 440 کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەڕێژەی 60% هەیە، کە دەتوانرێت بەرزبکرێتەوە بۆ 90% و دروستکردنی مووشەکی ئەتۆمی.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا