چیرۆکی ناخهەژێنی دوو کچەکەی سنە لە زاری دایکییانەوە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنەکانی نارین و ئارین لە پێش ئەشکەنجەدان و دوای ئەشکەنجەدان
دیمەنەکانی نارین و ئارین لە پێش ئەشکەنجەدان و دوای ئەشکەنجەدان

دۆسیەی ئەشکەنجەدانی دوو خوشک بە ناوەکانی ئارین و نارین لە شاری سنە، کە بۆ ماوەی مانگێک لەلایەن باوک و زڕدایکیانەوە لە تەوالێتی ماڵەکەیان زیندانی کرابوون، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە. دایکی منداڵەکان وردەکاریی دڵتەزێن لەبارەی دۆخی کچەکانی و هۆکاری ڕووداوەکە و چۆنیەتیی تێپەڕبوونی ژیانیان ئاشکرا دەکات.

چیرۆکێکی پڕ لە ئازار

چیرۆکی دڵتەزێنی ئەشکەنجەدانی دوو کچی منداڵ لە شاری سنە بە ناوەکانی ئارین و نارینی 7 و 15 ساڵان کە لەلایەن باوکیان و زڕدایکیانەوە لە تەوالێتی ماڵەکەیان زیندانی کرابوون، وەک کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بە خێرایی دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

دەنگدانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

چیرۆکەکە دوای ڕزگارکردنی منداڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەقییەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

دیداری دایک و منداڵەکان

دایکی منداڵەکان پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە خۆی دەگەیەنێتە لایان و دەبینێت جگەرگۆشەکانی چ دەردێکیان پێ دراوە و بە چ دۆخێک گەیشتوون.

سەرەتای کێشەکان و تێکچوونی خێزان

دایکی منداڵەکان بۆ میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کردووە و دەڵێت، 16 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ باوکی منداڵەکان هاوسەرگیریی کردووە و هیچ گرفت و تۆرانێک لە نێوانیاندا نەبووە، هەتا ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش ڕەسوول، واتە باوکی منداڵەکان، لەگەڵ ژنێکی دراوسێیان ئاشنا دەبێت و پەیوەندی دروست دەکات. بەڵام کاتێک ئەو بەم پەیوەندییە دەزانێت، ناڕەزایی دەردەبڕێت و هاوسەرەکەشی لەسەر داوای ژنە دراوسێکەیان، دایکی نارین و ئارین تەڵاقی دەدات و ئەو ژنە دەهێنێت، کە دواتر دەبێتە زڕدایکی نارین و ئارین.

هەوڵ بۆ وەرگرتنی مافی سەرپەرشتیکردن

دایکی منداڵەکان دەڵێت: "وازم لە هەموو مافەکانی خۆم هێناوە تەنیا بۆ ئەوەی هاوسەرەکەم مافی سەرپەرشتیی منداڵەکانم پێ بدات، بەڵام قبووڵی نەکردووە و گوتوویەتی منداڵی خۆمن و بە کەسیان نادەم."

گۆڕانی ڕەفتاری باوکەکە

دایکەکە دەڵێت، ئەو کاتەی ڕەسوول هاوسەری بووە هیچ جۆرە توندوتیژییەکی لێ بەدی نەکراوە و زۆر باش بووە لەگەڵ ژن و منداڵەکانی. دەشڵێت، لەم ماوەیەدا چەند جارێک بە تکا و سکاڵا توانیویەتی کچەکانی ببینێت.

بیانووەکانی ئەشکەنجەدان

ئەو دەڵێت، زڕدایکەکە بە بیانووی کارنەکردن و قاپ نەشۆردن، باوکی ناچار کردووە لێیان بدات، کاتێکیش لەسەر ئەوە قسەی لەگەڵ باوکەکە کردووە، ئیدی ڕێگەی پێ نەداوە منداڵەکان ببینێت.

زیندانیکردن بۆ ماوەی مانگێک

بە قسەی دایکەکەیان، نزیکەی 45 ڕۆژ هیچ هەواڵێکی لە منداڵەکان نەبووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگا بووە بۆ بینینیان، بەڵام ئەو دەڵێت، وەک دیاریشە مانگێکی ڕەبەق منداڵەکان لە تەوالێتی ماڵەکەدا زیندانی کراون.

ڕزگارکردنی منداڵەکان

دواتر دراوسێکان بەم کارەساتە دەزانن و چیرۆکی ڕزگاربوونی ئەم دوو کچە لە دەست ئەشکەنجەدانی بێبەزەییانەی باوک و زڕدایکەکەیان دەست پێ دەکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانای دوو خوشکەکەوە دەچن.

دۆخی تەندروستیی ئارین و نارین

سەبارەت بە دۆخی منداڵەکان دایکیان دەڵێت: ئارین دۆخی باشترە و ئێستا لە ماڵی بێسەرپەرشتانە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە، بەڵام دۆخی نارینی 15 ساڵان کارەساتبارە. "لەبەر لێدان و ئەشکەنجە هەردوو گوێی بریندار بووە، لووت و چەناگە و حەوز و سمت و قاچی شکاوە و دۆخی دەروونیشی دەتوانین بڵێین تێکشکاوە."

هاوکارییەکانی پارێزگاری سنە

لەسەر ئەم دۆخە، پارێزگاری سنە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و بەڵێنی هاوکاریی پێ داون و یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ دابین کردوون.

داواکاریی دایکەکە بۆ سزادانی تۆمەتباران

دایکەکە دەڵێت، لەبەر منداڵەکانم هاوسەرگیریم نەکردووەتەوە و لە ماڵی باوکم لە گوند ماومەتەوە، داواش دەکات ئەم باوک و زڕدایکە بە سزای خۆیان بگەن و لە سێدارە بدرێن.

ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر باوک و زڕدایکەکە

لە ئێستادا باوکی دوو کچەکە دەستگیر کراوە، بەڵام زڕدایکەکە بەهۆی ئەوەی منداڵی بچووکی هەیە، تەنیا وتەی لێ وەرگیراوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا