
بڕیارێکی نوێی بەغداد کێشە بۆ پڕۆسەی حەواڵەی دەرەکیی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و ناچاریان دەکات دووجار باج بدەن و لە ناوەند خۆیان تۆمار بکەن.
لە دوای 1ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، حکومەتی عێراق مەرجێکی نوێی بەسەر کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. بەپێی بڕیارەکە، هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت حەواڵەی دەرەکی و ناردنی پارە لە ڕێگەی بانکەکانەوە ئەنجام بدات، مەگەر ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی ژمێریارانی عێراقەوە لە بەغداد پەسەند کرابێت. ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم.
ئەم بڕیارە ئەرکێکی قورسی دارایی دەخاتە سەر شانی کۆمپانیاکانی هەرێم، چونکە ناچار دەبن ڕاپۆرتی ژمێرەیی کۆتایی (وەرزی و ساڵانە) دووجار ئامادە بکەن. بەمەش کۆمپانیاکان دەبێت دووجار باج بدەن؛ جارێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکەش بۆ حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد، ئەمەش تێچووی کارکردنیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە چیتر بانکەکان کار بە پەسەندکردنی ژمێریاری یاسایی هەرێمی کوردستان ناکەن. کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن لە بەغداد خۆیان تۆمار بکەن و تەنیا ژمێریاری یاسایی عێراقی ڕاپۆرتەکانیان بۆ پەسەند بکات، بەپێچەوانەوە پڕۆسەی وردبینی و حەواڵەکردنی پارەکانیان لە بانکەکاندا پەکدەخرێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە و گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، بڕیارە لە ڕۆژانی ئایندەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکاتەوە. ئامانجی شاندەکە تاووتوێکردنی ئەم ئاستەنگە نوێیانە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە زیانمەندبوونی زیاتری کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان.

