هەولێر و دهۆک؛ نرخی بەنزینی نۆرماڵ 1,000 دیناری تێپەڕاند و شۆفێران لە نۆرەی درێژدان

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گرانبوونی نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەولێر و دهۆک، شۆفێرانی ناچار کردووە ڕوو لە بەنزینە 750 دینارییەکەی حکومەت بکەن و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا چاوەڕێ بکەن.

بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا

لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی ئاستی 1,000 دیناری تێپەڕاندووە. ئەم بەرزبوونەوەیە وایکردووە شۆفێران توانای کڕینی بەنزینی بازاڕیان نەمێنێت و فشارێکی زۆر بکەوێتە سەر ئەو وێستگانەی کە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بە 750 دینار دابەش دەکەن.

نۆرەی دوورودرێژ و ناڕەزایەتیی شۆفێران

بەهۆی جیاوازیی نرخەکەوە، لەبەردەم وێستگە حکومییەکان نۆرەیەکی دوورودرێژی ئۆتۆمبێل دروستبووە. شۆفێرێکی تاکسی لە دهۆک ڕایگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە 3 کاتژمێر لە نۆرەدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بڕێک بەنزین وەربگرێت، ئەمەش کاتێکی زۆری لێ دەکوژێت و داوا دەکات نۆرەی ئۆتۆمبێلی گشتی و تایبەت لەیەکتر جیابکرێنەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان پەک نەکەوێت.

کاریگەریی بەرهەمی ناوخۆ لەسەر نرخەکان

شۆفێران ئاماژە بەوە دەکەن کە گرانبوونی سووتەمەنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوییان دروست کردووە. یەکێک لە شۆفێرەکان باس لەوە دەکات کە پێشتر کاتێک بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەکرا، نرخەکەی هەرزانتر و جێگیرتر بوو، بەڵام ئێستا کە پشت بە بەرهەمی پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەبەسترێت، نرخەکان بەرزبوونەتەوە و بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆیان.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا