مالیکی و هاریس: پابەندبوون بە ڕێککەوتنامەى ستراتیجى عێراق و ئەمریکا گرنگە
نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا، لەگەڵ کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەوە و جەختیکردەوە، لە گرنگیی پابەندبوون بە ڕێککەوتنامەى چوارچێوەى ستراتیجى نێوان عێراق و ئەمریکا.
ڕاگەیێنراوی نوسینگەی نووری مالیکی
نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا، لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، نوورى مالیکى لە نووسینگەى تایبەتى خۆى لەگەڵ جۆشوا هاریس کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبووەتەوە.
تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان
مالیکى و هاریس لە دیدارەکەیاندا تاوتوێى ڕێگاکانى بەهێزکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى هەردوو وڵاتییان کرد، گفتوگۆشیان کرد لەبارەى پەرەسەندنە سیاسییەکان و دیالۆگى نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنى دەنگدان بە پاشماوەى کابینەى وزارى.
پاڵپشتی هەوڵەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت
لایخۆیەوە، مالیکى جەختیکردووەتەوە لە گرنگى پتەوکردنى سەقامگیریی سیاسى و ئەمنى لە وڵات و پاڵپشتیی هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ سەپاندنى سەروەریی یاسا و کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دامەزراوە فەرمییەکان، لە پێناو بەهێزکردنى شکۆى دەوڵەت و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی و پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى عێراق.
گرنگی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنامەی ستراتیجی
هەر لە دیدارەکەدا مالیکى، جەختیکردووەتەوە، لە گرنگیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنى بەندەکانى ڕێککەوتنامەى چوارچێوەى ستراتیجى نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هەردوو وڵات، ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی بڕیارى نیشتمانى، بەجۆرێک ڕۆڵى هەبێت لە پەرەپێدانى هاوکارییەکان لە بوارەکانى ئابوورى و فێرکردن و ڕۆشنبیرى و ئەمنى، وەک ئەوەى لە بەندەکانى ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.
دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە 11ـى تشرینى دووەمى 2025، چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکان، لە 24ـى کانوونى دووەمى 2026 بەزۆرینەى دەنگ نوورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاساى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران بەربژێرکرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە 27ـى هەمان مانگ، دژایەتیی خۆى بۆ بەربژێرکردنى نوورى مالیکى ڕاگەیاند، سەرئەنجام لە 27ـى نیسان چوارچێوەى هەماهەنگى عەلى زەیدى لە شوێنى مالیکى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت بەربژێرکرد و لە 14ـى ئایار لە کۆى 23 وەزارەت 14 وەزیرى وەزارەتەکانى متمانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانیان وەرگرت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا