لە هەرێمی کوردستان هەر سێ جۆرەکەی بەنزین گران بوو
لە هەرێمی کوردستان نرخى بەنزین بە هەر سێ جۆری نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر گرانبوو، ئەنجوومەنى بۆڕسەى سووتەمەنى هەولێر هۆکارەکەى بۆ هەناردەکردنى بەنزین دەگەڕێنێتەوە. گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی لە سلێمانی دەڵێت، گرانبوونی نرخی بەنزین کاتییە.
نرخی جۆرەکانی بەنزین لە هەولێر و دهۆک
لە پارێزگاى هەولێر، نرخى یەک لیتر بەنزینى نۆرماڵ بۆ هەزار و 150 دینار، موحەسەن بۆ هەزار و 500 دینار، سوپەر بۆ هەزار و 600 دینار بەرزبووەتەوە، لە پارێزگاى دهۆکیش نرخەکان بەمجۆرەن؛ نۆرماڵ بە هەزار و 175 دینار، موحەسەن بە هەزار و 300 دینار و سوپەر بە هەزار و 500 دینارە.
نرخی جۆرەکانی بەنزین لە سلێمانی سلێمانی
هەروەها ڕامیار ڕزگار، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی لە سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین 50 دیناری چووەتەسەر، ئێستا لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 1000 دینارە، موحەسەن بە هەزار و 200 دینار و سوپەر بە هەزار و 350 دینارە.
قەیرانەکە هەموو عێراقی گرتووەتەوە
ڕامیار ڕزگار گوتیشی، ئەو قەیرانەی تەواوی عێراقی گرتووەتەوە هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نابێت، پێشتر ڕۆژانە لە عێراقەوە ئەگەر بەنزینیش هاوردە نەکرایە نەفتا هاوردە دەکرا و بەنزینی لێ دروست دەکرا بەڵام ئەو کردارە ڕاگیراوە.
جەختیشی کردەوە، ئەم دۆخە کاتییە و لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش ئاسایی دەبێتەوە.
نرخەکان لە هەرێمی کوردستان کێ دیارییان دەکات
کەناڵ8 پەیوەندى بە ئەنجوومەنى بۆرسەى سووتەمەنى هەولێرەوە کرد، کەسێک بەبێ ئەوەى ڕازى بێت ناوەکەى ئاشکرا بکرێت گوتى "بەنزین لە پارێزگاى هەولێر لەژێر دەستى پاڵاوگەکانى کار و لانازدایە و ئەوانن نرخەکان دیارى دەکەن". گوتیشى" بەنزین بەتانکەر دەڕواتە دەرەوەى هەرێمى کوردستان، لەناوخۆدا بڕەکەى بۆ 50% کەمیکردووە بۆیە نرخ بەرزبووەتەوە".
گوتیشى "نرخى یەک لیتر بەنزین ببێتە دوو هەزار دیناریش کەس قسە ناکات". ئاماژەى بەوەشکرد سەرەڕاى بەرزیوونەوەى نرخى بەنزین، بەڵام هێشتا بەنزینى نۆرماڵى حکومى کە یەک لیتر بە 750 هەزار دینارە بەردەوامە".
لەمبارەیەوە عەلى حەمەساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى ڕەوتى هەڵوێست ڕایگەیاند، کار و لاناز مانگانە 80 ملیۆن دۆلار لە بەنزین و گازدا قازانج دەکەن.
بەگوتەى عەلى حەمەساڵح "لە نەوتی ئەم هەرێمە هەموو ڕۆژێک پاڵاوگەی لاناز 40 بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، گازوایل و بەنزین دەباتە تورکیاو بە تانکەری تورکی و مانگانە نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات و ئەوی دیکە کار دەیپاڵێوێت، 20 ملیۆن قازانج دەکات".
پێداویستیى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک لە بەنزیندا ڕۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن لیتر بەنزینە و سلێمانیش پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن لیترە و لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا، خواست لەسەر بەنزینیش زیاد دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا