هێزی ئاسمانیی عێراق: لە 12 ساڵدا 675 تیرۆریستمان کوشتووە و 20 هەزار هێرشمان ئەنجامداوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
فڕۆکەیەکی جەنگیی هێزی ئاسمانیی عێراق. فۆتۆ: واع
فڕۆکەیەکی جەنگیی هێزی ئاسمانیی عێراق. فۆتۆ: واع

فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق ئاماری چالاکییە چەكدارییەكانی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هەزاران مووشەکیان بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان بەکارهێناوە و جەخت لە مانەوەی خۆیان وەک "دەستێکی باڵا" بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات دەکەنەوە.

ئاماری گەڕان و هێرشە ئاسمانییەکان لە ماوەی 12 ساڵدا

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق، لە ماوەی نێوان 1ـی کانوونی یەکەمی 2014 تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکان لە چەندین ئۆپراسیۆنی جیاوازدا بەشداربوون. لەو ماوەیەدا هێزە ئاسمانییەکان 20,071 گەڕان و هێرشی ئاسمانییان دژی گرووپە چەکدارەکان و تیرۆریستان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ئەنجامداوە.

بەکارهێنانی مووشەکی ورد و لەناوبردنی تیرۆریستان

هێزی ئاسمانی ئاشکرای کردووە کە لە هێرشەکانیاندا 2,753 مووشەکی جۆری "هێڵ فەیار"یان بە وردی ئاراستەی ئامانجەکان کردووە. هەروەها 13,176 پارچە تەقەمەنی بە قەبارەی جیاواز بەکارهێنراون، کە لە ئەنجامدا 675 تیرۆریست کوژراون و 280 شانە و حەشارگەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تەواوەتی لەناوبراون.

ڕاهێنانی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی تواناکان

فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16ـی عێراق لەم ماوەیەدا تەنیا بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی بەکارنەهێنراون، بەڵکو بەشدارییان لە زنجیرەیەک ڕاهێنانی هاوبەشدا کردووە لەگەڵ سوپای وڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئوردن. هێزی ئاسمانیی عێراق جەخت دەکاتەوە کە کار دەکەن بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی وڵاتەکە.

پاراستنی ئاسایشی ئاسمانیی وڵات

فەرماندەیی هێزی ئاسمانی دووپاتی دەکاتەوە کە وەک هێزێکی کارا بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزەکانیان وەک "دەستێکی باڵا" دەمێننەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بخاتە مەترسییەوە، و پاراستنی کایەی ئاسمانیی وڵات بە ئەرکی لەپێشینەی خۆیان دەزانن.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا