فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەبارەى دۆسییەی عەدنان جومەیلى هاتەدەنگ
سەرۆکى فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، عەدنان جومەیلى تۆمەتبارى دۆسییەکانى گەندەڵى پاڵاوگەى بێجى لەلایەن سوودانییەوە نەکراوەتە بریکارى وەزارەتى نەوت، بەڵکو وەزیرى پێشووى نەوت کە سەر بە دەوڵەتى یاسایە لەو پۆستەدا دایناوە.
جومەیلى لەلایەن وەزیرى پێشووى نەوتەوە بەربژێرکراوە
کاردانەوەکان لەبارەى دۆسییەکانى گەندەڵى عەدنان جومەیلى بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى پاڵاوتن بەردەوامن، بەها ئەعرەجى، سەرۆکى فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە جومەیلى سەر بە فراکسیۆنەکەیان بێت. دەشڵێت، جومەیلى لەلایەن وەزیرى پێشووى نەوتەوە بەربژێرکراوە کە سەر بە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بووە.
سەر بە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بووە
ڕوونکردنەوەکەى بەها ئەعرەجى دواى ئەوە هات، چەند وێنەیەکى عەدنان جومەیلى لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى پێشوو بڵاوکرانەوە، ئەوەش وا لێکدرایەوە کە لەسەر سوودانى و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەژمار بکرێت.
تێوەگلاوە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و ئیدارى لە پاڵاوگەى بێجى
ڕۆژى 30ـى ئایار عەدنان محەممەد ناسراو بە عەدنان جومەیلى، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى پاڵاوتن و بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى پاڵاوگەکانى باکوور و پاڵاوگەى بێجى، بەتۆمەتى تێوەگلانى لە دۆسییەکانى گەندەڵى دارایی و ئیدارى لە پاڵاوگەى بێجى، لەلایەن هێزێکى تایبەتى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانەوە، لە ناوچەى ئیسحاقى پارێزگاى سەڵاحەدین دەستگیرکرا.
دەستبەسەراگرتنی بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى جۆراو جۆر لە ماڵەکەیدا
دواى دەستپێکردنى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە عەدنان جومەیلى، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لە دووى حوزەیران ڕایگەیاند، 10 ملیۆن دۆلار، سێ ملیار دینار، کیلۆیەک و 500 گرام زێڕ، 40 موڵک لە بەغداد و هەولێر و سەڵاحەدین کە پەیوەندیدار بوو بە دۆسییەی عەدنان جومەیلى، دەستیان بەسەرداگیراوە، هاوکات بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى جۆراو جۆر لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها دواى دەستگیرکردنى عەدنان جومەیلى، مستەفا سەنەد، وەزیرى پەیوەندییەکان لە پۆستێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک، نووسى، عەدنان جومەیلى دەرگایەک بووە بۆ گەندەڵى حیزبەکان و فرۆشتنى پۆستەکان لە وەزارەتى نەوت.
خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆسیەکەی جومەیلییەوە
هاوکات بەها ئەعرەجى، سەرۆکى فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە بارەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلییەوە ڕایگەیاند " پێویستە ڕاستییەکان لەبارەى گەندەڵى پاڵاوگەى بێجى و تۆمەتبارى سەرەکى تیایدا بخرێنەڕوو و ڕوونبکرێتەوە.
یەکەم: تۆمەتبار کاتێک بەربژێرکراوە بژاردەى محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیران نەبووە، بەڵکو تایبەتمەندى وەزیرى نەوتى پێشوو بووە، کە سەر بە دەوڵەتى یاسا بووە.
دووەم: پاڵاوگەکە کۆمپانیایەکى خۆ پارەدارکردن بووە، دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران نەبووە چاودێریی بکات، بەڵکو لە دەسەڵاتى لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەکانە وەک دیوانى چاودێریی دارایی.
سێیەم: بەڕێز سودانى بەر لە جێهێشتنى پۆستەکەى فەرمانیکردووە بە وردبینى ئەو گرێبەستانە، تاوەکو وەزیرى نوێ هات، کە سەر بە فراکسیۆنەکەمانە فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە لێکۆڵینەوەى کرد و دواتریش دادگا دەستوەردانى کرد، بەو جۆرەش دۆسییەکە ئاشکراکرا و ڕێڕەوى خۆى وەرگرت.
پشتیوانی لە دادگای و دەستەی دەستپاکی
بەها ئەعرەجی گوتیشی " ئێمە لە فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پاڵپشتیی دادگا و دەستەى دەستپاکى دەکەین تاوەکو ڕێکارى یاسایی بگرێتەبەر، بەڵام پێویستە جیاکارى بکەین لە نێوان میدیایەکى ژەهراوى و میدیایەک کە لە لایەنى تایبەتمەندەوە ئاڕاستە دەکرێت، هاوشێوەى جیاکردنەوەى گەندەڵ و گەندەڵکار، گەندەڵ وەک عەدنان جومەیلى، گەندەڵکاریش میدیایەکە دەیەوێت ڕاستییەکان بگۆڕێت تاوەکو تۆمەتبار وەک قوربانى پیشانبدات و تۆمەتەکان بخاتە ئەستۆى لایەنى دیکە و پاڵپشتیمان بۆ دادگا و دەستەى دەستپاکى دووپاتدەکەمەوە تاوەکو ڕێڕەوى خۆى وەربگرێت و هەموو تاوانبارێک کە سوکایەتیی بە عێراق و سامانى عێراق دەکات سزاى خۆى وەربگرێت".
4 کاتژمێر پێش ئێستا