
قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، بەهۆی کارە شەڕانگێزەکانی ئەمریکاوە، گەرووی هوورمز بە ڕووی هەموو جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتیوانیدا داخراوە.
قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردووى ئەمریکا بۆسەر ژمارەیەک ئامانج لە ڕۆژئاوای ئێران، هاتوچۆی کەشتیوانییان لە گەرووی هوورمز ڕاگرتووە.
خاتەمولئەنبیا دەشڵێت، هەر کەشتییەکی بازرگانی و نەوتهەڵگر، هەوڵی تێپەڕبوون بە گەرووەکە بدات، دەیکەنە ئامانج.
پێشتریش عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو، هەرگیز گەرووی هوورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و ڕێگەش بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە نادەن کە پەیوەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
خاتەمولئەنبیا داوا لەو کەشتییانە دەکات کە لە ئاوەکانی دەریای عوممان لەنگەریان گرتووە، نزیکى گەرووی هوورمز نەبنەوە، هۆشدارییش دەدات، هەر جووڵەیەک بەرەوە گەرووەکە لەم کاتەدا، بە هاوکار و هەماهەنگیی دووژمن سەیر دەکرێت.
داخستنی تەواوەتی گەرووی هوورمز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاگربەستەوە لە 8ـی نیسان، هێزە سەربازییەکانی ئێران چەند جارێک ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی هەندێک هۆکاری مرۆیی، ڕێگەیان بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە داوە کە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان لە هێزەکانی ئێران وەرگرتووە.
گەرووی هوورمز شادەماری ئابووری و گەورەترین ڕێڕەوی تێپەڕبوونى 20%ـى بازرگانى و نەوت و گازی سروشتی جیهانە، لە ماوەکانی ڕابردوو بەهۆی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و گەمارۆ دەریاییەکانی سەری، قەیرانی گەورەی وزەى لە جیهاندا دروستکرد.