وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کەناڵ8: زەیدی داوای دەستبەجێ گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کردووە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لەکۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە هەرچی زووە بگەڕێنەوە بۆ کارکردن و بەخێرهاتنەوەی کردوون و دەشڵێت، بەرپرسیارێتی پارێزراوی کۆمپانیاکان و ژینگەی کارکردنیان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەیەکى ستراتیجى
سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەیی وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆک ئەرکانی سوپا و ئامادەیی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەنجامدراوە.
گەڕانەوەى کۆمپانیاکان
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان کراوە بەتایبەتی گرەنتی ئەمنی، لەوبارەیەوە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە بە پێداچوونەوە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، داواشی لە کۆمپانیا بیانییەکان کردووە دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان و بەخێرهاتنەوەیانی کردووە.
لابردنى بەربەستەکان بکرێتە کارى لەپێشینە
لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی داوای لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کاربکەن لەسەر بەربەستەکان و هۆکارەکانیان، هەروەها چارەسەرکردنیان و گرەنتی پارێزراوی کۆمپانیاکان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامی کارکردن، ڕوکابی گوتیشی، گرەنتی پارێزراوی ژینگەی کارکردن، بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان، هەروەها سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزارەتی بەرگری بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە ئەمنییە تایبەتەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسە ڕاسپێردراون.
پەیوەندى گەرەنتى ئەمنى بە وەزارەتى نەوت
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ پەیوەندییەکی نییە لەبارەی گرەنتی ئەمنی، بەڵام بەدواداچوونی بەردەوامی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووسینگەکەی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی گیراوەتەبەر، هەرچی وەزارەتی نەوتە، ئەوا باسم محەممەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق خۆی گرنگییەکی زۆری بەوپرسە دەدات و زۆرێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەرکردووە و هەندێک داواکاریش لەنێوان هەردوولادا شەن و کەو دەکرێت.
هەناردە ڕووى لە زیادبوونە
سەلیم ڕوکابی بە کەناڵ8ــی گوت، هێشتا پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خام و بەرهەمە نەوتییەکانی لە ڕێگەی وشکانی و خاکی سووریاوە بەردەوامە و بە بەردەوامی هەناردەکردن ڕووی لە زیادبوونە.
تەواوبوونى هێڵى عێراق - تورکیا
ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەکردنی نەوتی خامی عێراق لە خاکی تورکیاوە و لەڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هەروەها کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی هێڵی عێراق -تورکیا بەردەوامە و چاوەڕواندەکرێت کۆتایی ئەم مانگە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کۆتایی بێت و دەستبەجێ نەوتی لێوە هەناردە بکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا