پەروەردەی سلێمانی ڕووماڵى تاقیکردنەوەى خوێندکاران لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن قەدەغە دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە مەبەستی پاراستنی ئارامیی پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی و فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو بۆ خوێندکاران، چوونە ناوەوەی تیمەکانی ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی هەر جۆرە چاوپێکەوتن و لێدوانێکی میدیایی لە ناوەوە و دەوروبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا قەدەغە دەکات و هۆشداریی لێپرسینەوەی یاساییش دەداتە سەرپێچیکاران.
قەدەغەکردنی ڕووماڵی میدیایی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕووماڵی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قەدەغە دەکات.
ڕێنماییەکان بۆ بەرپرسان و تیمەکانی ڕاگەیاندن
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا، کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی کردووە، دەڵێت: "بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکان و بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ خوێندکاران، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تیمەکانی ڕاگەیاندنی کەناڵەکان، فۆتۆگرافەران و ڕاگەیاندنکاران نادرێت بچنە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانەوە بۆ ڕووماڵکردن".
قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن و لێدوان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکاران لە ناو هۆڵەکان یان دەوروبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکاندا ئەنجام نادرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی تێکدانی تەرکیزی خوێندکاران. داواش لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان دەکات کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا، خۆیان لە هەر جۆرە لێدوان و ڕووماڵێکی میدیایی بەدوور بگرن.
هۆشداریی یاسایی بە سەرپێچیکاران
داواش لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (لەوانەش کەناڵ8 و میدیاکانی دیکە) دەکات هاوکاریان بن لە سەرکەوتنی ئەو پرۆسە نیشتمانییەدا و ڕێز لە تایبەتمەندی و ئارامیی هۆڵەکان بگرن؛ جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانەدا، لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئاماری گشتیی بەشداربووانی تاقیکردنەوەکان
ڕۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، پرۆسەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، بە بەشداریی 117 هەزار و 142 خوێندکار لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا