
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیدا، بڕی 10 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێرانی ئازاد کردبێت. هاوکات داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، لە ڕاستیی زانیارییەکان دڵنیا ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕەتی دەکاتەوە، لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیدا، 10 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد بکات.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، هیچ بڕە پارەیەکی بلۆککراوی ئێران لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە ئازاد نەکراوە و نەگوازراوەتەوە؛ داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن (لەوانەش کەناڵ8 و دامەزراوە میدیاییەکانی دیکە) کرد، زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە و لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەریبگرن پاشان بڵاوی بکەنەوە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوە بڵاوی کردەوە، پاش کۆبوونەوەی بەرپرسانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە پێناو ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، ئیمارات ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران کە کۆی گشتیی 10 ملیار دۆلارە و زیاتر لە 3 ملیاریشی پێشتر گواستراوەتەوە.
وا بڕیارە لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ بکرێت و بە گوتەی ئێران، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەدا 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران لە بانکەکاندا ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە ئەو زانیارییە ڕاست بێت.