تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەستیپێکرد؛ هەموو زانیارییەک لەبارەی کات، ڕێنمایی و ژمارەی بەشداربووان

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندکاران
یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندکاران

تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ پرۆسەکە بە بەشداریی زیاتر لە 117 هەزار قوتابی و لەژێر چاودێرییەکی وردی وەزارەتی پەروەردەدا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا ڕێکاری توند بۆ ڕێگری لە گزی و پاراستنی پرسیارەکان گیراوەتەبەر.

خشتە و کاتی تاقیکردنەوەکان

تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە ئەمڕۆوە دەستیپێکرد و تاوەکو 8ـی تەممووزی 2026 بەردەوام دەبن. تاقیکردنەوەکان ڕۆژانە لە کاتژمێر 07:30ـی بەیانی دەستپێدەکەن و لە هەفتەیەکدا دوو تاقیکردنەوە لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە ئەنجام دەدرێن. بەپێی بڕیاری وەزارەت، ئەگەر ڕۆژێکی تاقیکردنەوە بەر پشووی فەرمی بکەوێت، تاقیکردنەوەکە دوادەکەوێت و بە هەمان ڕیزبەندی پێشوو دەستپێدەکەنەوە.

ئاماری قوتابیان لەسەر ئاستی پارێزگاکان

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی 117 هەزار و 142 قوتابی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن کە بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر ناوچەکاندا دابەشبوون:

پارێزگای هەولێر: 38,063 قوتابی (29,767 زانستی، 7,657 وێژەیی، 639 پیشەیی).

پارێزگای سلێمانی: 26,563 قوتابی (20,411 زانستی، 5,027 وێژەیی، 1,125 پیشەیی).

پارێزگای دهۆک: 27,266 قوتابی (19,309 زانستی، 7,548 وێژەیی، 409 پیشەیی).

پارێزگای هەڵەبجە: 1,590 قوتابی (1,200 زانستی، 335 وێژەیی، 55 پیشەیی).

ئیدارەی سۆران: 6,398 قوتابی (4,772 زانستی، 1,626 وێژەیی).

ئیدارەی زاخۆ: 6,918 قوتابی (4,593 زانستی، 2,316 وێژەیی، 9 پیشەیی).

ئیدارەی گەرمیان: 5,356 قوتابی (4,100 زانستی، 920 وێژەیی، 336 پیشەیی).

ئیدارەی ڕاپەڕین: 4,988 قوتابی (3,964 زانستی، 1,002 وێژەیی، 22 پیشەیی).

ستافی بەڕێوەبردنی هۆڵەکان

بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر ئەرکی بەڕێوەبردنی هۆڵەکانیان پێسپێردراوە. ئەم ستافە پێکهاتووە لە 12,018 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1,376 سەرپەرشتیار و 2,003 فەرمانبەری خزمەتگوزار.

ڕێکارەکانی ڕێگری لە گزی و بڵاوکردنەوەی پرسیار

وەزارەتی پەروەردە ڕێکاری توندی بۆ ناو هۆڵەکان داناوە؛ بردنی مۆبایل و ئامێری ئەلیکترۆنی لەلایەن قوتابیان و تەنانەت ستافی بەڕێوەبەریشەوە قەدەغەیە. هەر قوتابییەک ئامێری زیرەکی پێبگیرێت، بە گزی (غەش) ئەژمار دەکرێت. هەروەها بڵاوکردنەوەی وێنەی پرسیارەکان یان وەڵامەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مامۆستایان و سەرپەرشتیارانەوە قەدەغەیە و تەنیا لیژنەی باڵا مافی بڵاوکردنەوەی پرسیار و وەڵامە نموونەییەکانی هەیە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا