بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان؛ زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی وەرگرت

د. کۆسار محەممەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا
د. کۆسار محەممەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا

زانکۆی سلێمانی وەک یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نوێ بەرەو نێودەوڵەتیبوون دەنێت و بڕوانامەی ئایزۆ لە بواری ستانداردکردنی کارگێڕیدا بەدەستدەهێنێت.

یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێم

د. کۆسار محەممەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زانکۆکەیان توانیویەتی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی لە بواری ستانداردکردن و بەڕێوەبردنی کارگێڕیدا بەدەستبهێنێت. بەمەش زانکۆی سلێمانی دەبێتە یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ئەم بڕوانامە جیهانییە بێت لە بواری کارگێڕیدا.

بەڕێوەبردنی کارگێڕی بە شێوەیەکی ستاندارد

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا کارە کارگێڕییەکانی زانکۆکە بە شێوەیەکی ستاندارد بەڕێوەدەچن. ئەم سیستمە نوێیە جەخت لەسەر بنەماکانی شەفافییەت، بەرپرسیاریەتی، دیاریکردنی وردی ڕۆڵەکان و بەدواداچوونی بەردەوام دەکاتەوە. هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا بە وردی پێداچوونەوە بە هەڵەکاندا کراوە و سەرجەمیان چاککراونەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا بگونجێن.

هۆکارێک بۆ پێشخستنی ڕاکینگی زانکۆ

بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە دوای 1 ساڵ لە کارکردنی بەردەوام دێت و بە وتەی د. کۆسار محەممەد، ئەمە دەستکەوتی تەنیا ڕۆژێک نییە. سەرۆکی زانکۆی سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە کە وەرگرتنی ئەم ئایزۆیە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ڕاکینگی (پلەبەندی) زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەو پێش بچێت.