سبەى شاندێکى هونەرى لە هەرێمى کوردستانەوە دەچێتە بەغداد
سبەى چوارشەممە، شاندێکى هونەرى لە هەرێمى کوردستانەوە دەچێتە بەغداد، شاندەکە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتى فیدراڵ ڕەشنووسى ڕێککەوتنى کۆتایی لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا ئامادە دەکەن و دواتر شاندى باڵا دەچنە بەغداد و ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن.
ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی کۆتایی سیستمی ئەسیکۆدایە
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، ئەو شاندە هونەرییەى دەچنە بەغداد، لەگەڵ بەرپرسانى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک فەرمانگەى پەیوەندیدار کۆدەبنەوە، ئامانجى شاندەکە ئەوەیە، ڕەشنووسى ڕێککەوتنى کۆتایی ئامادەبکەن و دواتر شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابوورى کۆدەبنەوە، کۆنووسى داخڵبوونى هەرێمى کوردستان لەسیستمى ئەسیکۆدا واژۆ دەکرێت.
لە دوای ڕێککەوتنەکە کۆمپانیاکانی هەرێم دەچنە ناو سیستمەکەوە
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، لەپاش واژۆکردنى ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان دەچنە ناو سیستمى ئەسیکۆداوە و هاوشێوەى هاوتاکانیان لەناوچەکانى دیکە، سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانى.
یەکخستنی پێناسی گومرگی
جگە لە سیستمى ئەسیکۆدا، شاندەکە باس لە یەکخستنى پێناسى گومرگى دەکات و بەشێک لە ڕێککەوتنەکە لەسەر یەکخستنى پێناسى گومرگییە و لەدواى واژۆکردنى دەروازە سنوورییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەیەک سیستم، گومرگى کاڵا و پێداویستییەکان دەکەن.
جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لەهەرێمى کوردستان یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە سیستمەکە لە دەروازە سنوورییەکانى حکومەتى فیدراڵ لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ جێبەجێ کراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا