چاوی بازاڕە جیهانییەکان لەسەر واشنتنە؛ یەدەگی فیدراڵی بڕیار لەسەر سوودی دۆلار دەدات
بانکی ناوەندیی ئەمریکا چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی 2026 بۆ دیاریکردنی ڕێژەی سوود ئەنجام دەدات و بازاڕەکانیش چاوەڕێی کەمکردنەوەی تێچووی قەرز دەکەن.
کۆبوونەوەی دیاریکردنی چارەنووسی سوود
دوێنێ سێشەممە، یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا (بانکی ناوەندی) چوارەمین کۆبوونەوەی سیاسەتی دراوی خۆی لە ساڵی 2026 دەستپێکرد. کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی 2 ڕۆژ (16 و 17ـی حوزەیران) بەردەوام دەبێت و تێیدا داهاتووی ڕێژەی سوودی دۆلار دیاری دەکرێت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بانکی ناوەندی ڕێژەی سوودی لە نێوان 3.5% بۆ 3.75% هێشتووەتەوە.
فشارەکانی هەڵاوسان و نرخی وزە
ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی 05ـدا بۆ 4.2% بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە ئەنجامی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران. شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێژەی سوود وەک خۆی بمنێتەوە، بەڵام ئەگەری کەمکردنەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا هەیە ئەگەر فشارەکانی هەڵاوسان بەرەو دابەزین بچن.
بەراورد لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەوروپا
هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندی ئەوروپا ڕێژەی سوودی خۆی بە ڕێژەی 0.25% بەرزکردەوە، کە ئەوە یەکەم بەرزبوونەوەیە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا. ئەم بڕیارەی ئەوروپا بەهۆی نیگەرانییەکان بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە کە لە ململانێ ناوچەییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و کاریگەری لەسەر ئاستی بژێوی دروستکردووە.
کاریگەرییەکان لەسەر پێنوێنی دۆلار
پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی لە ئاستی 99.6 خاڵدا جێگیرە. دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ڕاگرتنی جەنگ، دۆلار ڕووی لە پاشەکشە کردووە. بە گشتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دۆلار چونکە سەرمایەی بیانی ڕادەکێشێت، بەڵام ئێستا بازاڕەکان چاوەڕێی کەمکردنەوەی سوود دەکەن، ئەمەش فشارێکی دابەزینی لەسەر پێنوێنی دۆلار دروستکردووە.
17/06/2026