
هەولێر و بەغداد بۆ یەکخستنی سیستمی گومرگی هەنگاوی نوێ دەنێن و هەردوولا لەسەر چوونە ناو سیستمێکی جیهانیی هاوبەش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی و فەرمی لەبارەى جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵی نەکراوە، بەڵام گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
شاندى هونەریی هەرێمى کوردستان و بەغداد لەسەر وردەکارییەکانی سیستمەکە کۆبووەنەتەوە و کۆنووسێکیان لەبارەى سیستمى ئەسیکۆدا واژۆکردووە، ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی داهاتوو.
هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هەرێمى کوردستان دەتوانێت بچێتە ناو سیستمى ئەسیکۆدا، لەسەر ئەم خاڵە کۆکن و هیچ لایەکیان ناڕەزایەتییان لەسەر بەشداریی هەرێم لەو سیستمەدا نییە.
بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ئەنجوومەنى وزاریی هەرێمى کوردستان و عێراق بە فەرمی ڕێککەوتنى کۆتایی لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا واژۆ بکەن.