کەناڵ8 ناوەڕۆکى ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی ئەسیکۆداوە ئاشکرا دەکات

یاد نەوزاد 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کەناڵ8 ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە بارەی ئەسیکۆداوە ئاشکرا دەکات کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق و ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی کراوە.

جێگیرکردنی تیمێکی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ڕەشنووسەکە دەبێت یاسا فیدڕاڵییەکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرێن و تیمێکی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.

 یەکخستنی پێناسی گومرگی

لە بەشێکی دیکەی ڕەشنووسەکەدا هاتووە "هیچ جۆرە ماددەیەک لەم سیستمە بەدەر ناکرێت کە لە داخڵى ناو هەرێمی کوردستان دەکرێت و دەبێت پێناسی گومرگی یەکبخرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یەک بڕی وەرگرتنی گومرگ هەبێت".

کۆکردنەوەی باج بە گوێرە یاسا فیدراڵییەکان دەبێت

خاڵێکی دیکەی ڕەشنووسەکە پەیوەستە بە کۆکردنەوەی داهاتی گومرگ و باجەکان کە لە دەروازە سنوورییەکان، بەگوێرەی یاسای باج و گومرگی فیدڕاڵى و یاسای بودجەی فیدراڵى و یاسا بەرکارەکانی دەبێت.

یەکلاکردنەوەی دەروازە نافەرمییەکان

یەکلاکردنەوەی دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان خاڵێکی دیکەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەیە، دەبێت لیژنەی تایبەتمەندی لە هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنیان و لیژنەکانیش لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان و وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێن.

ئەو بابەتانەی گفتوگۆی زیاتریان لە بارەیەوە دەکرێت

ڕێککەوتنی کۆتایی لە بارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، یەکخستنی پێناسی گومرگی و کۆکردنەوەی داهاتی دەروازەکان چەند وردەکاری و تێبینیەکی ماوە کە پەیوەستن بە بابەتی لۆجستی و پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بابەتی لێخۆشبوونی گومرگی و چەند خاڵێکی دیکەیە کە گفتوگۆی لە بارەوە دەکەن.

کارکردنی تیمەکانی هەردوو حکوومەت لەسەر تێبینییەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەسیکۆدا تیمەکانی هەردوو حکومەت کار لەسەر ئەو تێبینیانە دەکەن کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و باجەکانی عێراق و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەرێتی تۆماری کۆمپانیاکانی هەردوولا و تیمی وەزارەتەکانی کشتوکاڵی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان بەشدارن لە گفتوگۆکان.

پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی

ڕێککەوتنی کۆتاییش لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراقەوە پەسەند دەکرێت و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ واژۆکردنی دەچێتە بەغداد و لە کۆتاییدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزدەکرێتەوە.

زانینی چرکە بە چرکەی داهاتەکان

جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو واتایە دێت کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر چرکەیەک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە، بەوەش داتای تەواوی داهاتەکانی لەلا دەبێت بۆ ئەوەی لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە.

کێشەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیۆدا

بۆچی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە عێراق کێشەی دروست کردووە، چونکە کێشەکە لە خودی سیستمى "ئەسیکۆدا" نییە، بەڵکو لە شێوازی تێکەڵکردنییەتی لەگەڵ یاسا کۆنەکان.

سەرەتا پێناسی گومرگی :(Tariff) حکومەت لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمەکە، پێناسەی نوێی داناوە، وەک بڕیاری (957) سیستمەکە زۆر وردە و ڕێگەنادات هیچ بڕە پارەیەک "تێپەڕێنرێت"، ئەمەش وای کردووە بازرگانان هەست بەو تێچووە گەورەیە بکەن، کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان (یان بە نایاسایی یان بە کەم خەمڵین) لێی دەرباز دەبوون.

پاشان یەکخستنی نرخەکان، پێشتر ڕەنگە لە گومرگی "ئیبراهیم خەلیل" نرخێک بێت و لە "شەلامچە" نرخێکی دیکە، بەڵام ئەسیکۆدا هەمووی دەکاتە یەک، ئەمەش بازاڕی هەندێک ناوچەی تێکداوە و

کاریگەری جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.

یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان داواکاری سەرەکی بەغدادە و دەیەوێت هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان)یشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت. ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، چیتر جیاوازی لە نرخ و ڕەسمی گومرگی نامێنێت، پێشتر بازرگانان زۆرجار ئەو دەروازەیەیان هەڵدەبژارد کە "ئاسانکاری" یان "پێناسەی کەمتری" هەبوو، بەڵام ئەسیکۆدا ئەم کێبڕکێیە ناهێڵێت.

یاد نەوزاد

3 کاتژمێر پێش ئێستا